"16 كرێكاری بیانی له‌كوردستانه‌وه‌ فرۆشراون و له‌خانوویه‌كدا له‌به‌غدا ده‌رگایان له‌سه‌ر داخراوه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 07/01/2019‌ :: 7832‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د هه‌ژار

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ دواڕۆژ، محه‌مه‌د هه‌ژار سه‌رۆكى رێكخراوى داكۆكى له‌ كرێكارانى بیانی باس له‌ بازرگانیكردن به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكى قاچاخچی هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "16 كرێكار فرۆشراون به‌ چه‌ند مافیایه‌ك له‌ به‌غدا و له‌خانوویه‌كدا ده‌رگایان له‌سه‌ر داخراوه‌" و هه‌وڵى رزگاركردنیان ده‌ده‌ین.


دواڕۆژ: چه‌ند كرێكارى بیانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كارده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
زیاتر له‌ 22 هه‌زار كرێكارى بیانى له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وروپیشى تێدایه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان خه‌ڵكى وڵاتانى ئه‌فریقان.

دواڕۆژ: توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر كرێكارانى بیانى بوونی هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
توندوتیژی به‌رامبه‌ر كرێكاره‌ بیانییه‌كان به‌تایبه‌ت به‌نگلادیشى و هیندى و نیپاڵى زیادیكردووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یرى زیندانه‌كان بكه‌ین كه‌ كرێكارى خۆمان چه‌ند گیراون و زیندانيكراون، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكێكى بێكار په‌نا بۆ چه‌ندین تاوان ده‌بات، به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ كرێكارانى بیانیش راسته‌، بۆیه‌ كرێكارى بیانیشمان هه‌یه‌ زیندانى كراوه‌، جۆرى ئه‌و توندوتیژیانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت بریتین له‌ لێدان یان لێسه‌ندنى پاسپۆرت و داواكردنى پاره‌ له‌به‌رامبه‌ردا، یاخود كاریان پێده‌كرێت و پاره‌یان پێنادرێت.

دواڕۆژ: راسته‌ بازرگانى به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان، به‌تایبه‌ت كچه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
به‌ڵێ له‌ كوردستان بازرگانى به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئامارى بازرگانیكردن پێیانه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ چه‌ند كه‌س فرۆشراون و رزگاركراون.

دواڕۆژ: ده‌وترێت له‌لایه‌ن خاوه‌نكار یان خاوه‌ن ماڵ ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌كرێته‌سه‌ر كچه‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان، راسته‌؟ 
محه‌مه‌د هه‌ژار:
چه‌ندین حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسى هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى له‌مشێوه‌یه‌مان له‌به‌رده‌سته‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستدرێژییه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ دراونه‌ته‌ دادگا، ئه‌و كچانه‌شمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتى خۆیان، ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانیش هه‌بووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌مه نه‌مێنێت بۆ پاراستنى سومعه‌ى شار و تاك، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ و دادگاكان شایه‌تى ئه‌مه‌ن.

دواڕۆژ: چه‌ند دۆسیه‌تان له‌به‌رده‌سته‌ له‌باره‌ى بازرگانیكردن به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌؟ چۆن هه‌وڵى ئازادكردنیان ده‌ده‌ن؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
له‌ ساڵى رابردوودا تائێستا زیاتر له‌ 20 كه‌یسى بازرگانیكردن به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان هه‌بووه‌ و كارمان له‌سه‌ر كردووه‌، بۆ ئازادكردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى بازرگانییان پێوه‌ده‌كرێت، پشت به‌ په‌یوه‌ندى و گفتوگۆ ده‌به‌ستین له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ قاچاخچیانه‌ و ده‌یانگه‌ڕێنینه‌وه‌.

دواڕۆژ: دۆسیه‌كانی بازرگانیكردن به‌ كرێكارانی بیانییه‌وه‌ دراونه‌ته‌ دادگا؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
دۆسیه‌كانى بازرگانیكردن به‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان ده‌ده‌ین به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌ك دادگا، چونكه‌ وه‌ك پێویست كارى له‌سه‌ر ناكرێت، به‌سوپاسه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نشینگه‌ى سلێمانى له‌مه‌دا زۆر هاوكارمانن، به‌ چه‌ندین راپۆرت-یش حكومه‌تمان له‌مه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: زانیاریتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى ناوى خۆیان ده‌گۆڕن و كرێكارى بیانى ده‌هێنن به‌مه‌به‌ستى بازرگانی پێوه‌كردنیان؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
راسته‌ كۆمپانیا هه‌یه‌ كه‌ كرێكارى هێناوه‌ته‌ كوردستان و دواتر ناوى خۆى گۆڕیوه‌ و بازرگانى پێوه‌كردوون، چه‌ندینجار وه‌زاره‌تى ناوخۆمان له‌مه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و زانیارى ته‌واومان له‌سه‌ر شوێنى كۆمپانیاكه‌ و ناوه‌كه‌ى و ژماره‌ى ته‌له‌فۆنه‌كه‌یان پێداون، هه‌ندێكیان رێكارى یاساییان به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر.

دواڕۆژ: له‌ماوه‌ى رابردوودا 9 ژنه‌ كرێكارى بیانى به‌ چه‌ند مافیایه‌كى به‌غدا فرۆشران، ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
له‌ جه‌ژنى قوربانى رابردوو 9 كچه‌ كرێكار كه‌ خه‌ڵكى نیپاڵ و فلیپین و ئیندۆنیزیا بوون، له‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند قاچاخچییه‌كه‌وه‌ فرۆشران به‌ گروپێكى مافیا له‌ به‌غدا، هه‌ریه‌كه‌یان به‌بڕى 8 هه‌زار دۆلار فرۆشراون، دواى رزگاركردن و گه‌ڕانه‌وه‌یان، ره‌وانه‌ى وڵاته‌كانى خۆیان كرانه‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كانمان له‌ماوه‌ى رابردوودا 16 كرێكارى ترى بیانى فرۆشراون، چی كراوه‌ بۆ رزگاركردنیان؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
له‌ماوه‌ى رابردوودا 16 كرێكارى نیپاڵى فرۆشراون به‌ قاچاخچییه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق، له‌ئێستادا دۆسیه‌یه‌كه‌مان له‌به‌رده‌سته‌، له‌رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى خۆمان له‌ به‌غدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین رزگاریان بكه‌ین و بیانگه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌ڵام دیارنییه‌ به‌چه‌ند هه‌زار دۆلار فرۆشراون، ده‌شزانین كه‌ له‌ خانوویه‌كدا حیجز كراون و ده‌رگایان له‌سه‌ر داخراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌رێگه‌ى ئاسایش و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤى عێراقه‌وه‌ هه‌وڵى رزگاركردنیان ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى فرۆشتوونیان كورد نین، به‌داخه‌وه‌ مافیاكانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ زیادیكردووه‌.

دواڕۆژ: ساڵى رابردوو له‌ یه‌كێك له‌ ماڵه‌كانى هه‌ولێر له‌لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه‌ كه‌ له‌ ماڵێكدا كچه‌ خزمه‌تكارێكى بیانى كوژرا، دۆسیه‌كه‌ى به‌ كوێ گه‌یشت؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
دۆسیه‌كه‌ لاى پۆلیسه‌، به‌ڵام زانیاری ته‌واومان داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان و تاوانباره‌كه‌ش له‌ زیندانه‌، هاوكات قه‌ره‌بووى مادى و مه‌عنه‌وى خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌نى كه‌سه‌ كوژراوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستاش دۆسیه‌كه‌ی له‌ دادگایه‌.

دواڕۆژ: بۆچى جیاوازى ده‌كرێت له‌نێوان كرێكارى ئه‌وروپى و ئه‌فریقى له‌رووى كاتى كاركردن و ئه‌و پاره‌یه‌ى پێیانده‌درێت؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
كرێكارى ئه‌وروپى به‌ سیستم دێت، ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كانى بۆ ئه‌نجامداوه‌ و ئه‌وان له‌ برسا رایان نه‌كردووه‌ بۆ كوردستان، كارێكى تر ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكى تر نایزانێت، كرێكارى ئه‌فریقى دێت لێره‌ ماڵ پاكده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ جیاوازییان هه‌یه‌ له‌ كاتى كاركردن و داهاتیان.

دواڕۆژ: به‌یانیان ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ى ژینگه‌ پاكده‌كه‌نه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نادروست له‌ پشتى ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگره‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، تاكه‌ى ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت؟
محه‌مه‌د هه‌ژار:
چاره‌سه‌رمان بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌، نه‌ ئۆتۆمبێلمان ده‌وێت نه‌ پاره‌، به‌ڵكو رێگاچاره‌یه‌كم داوه‌ به‌ حكومه‌تى هه‌رێم تا هاوكاریمان بكات رێكار بگرینه‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌و كۆمپانیایانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى دوباره‌ى نه‌كه‌نه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure