هاوڵاتیانى رۆژهه‌ڵات شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نرخى گۆشت ده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 08/01/2019‌ :: 921‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی ئازوو محه‌مه‌د
به‌رزبوونه‌ی بێوێنه‌ی نرخی گۆشتی سور له‌ قه‌سابخانەکانی سنه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگا كوردنشینه‌ی  رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ، گله‌یی و گازه‌ندی زۆری هاووڵاتیانی به‌دواوه‌ بووه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌  له‌چاو پارێزگاكانی دیكه‌ی ئێران دوو ئەوەندەیە.


به‌همه‌ن مۆرادنیا، پارێزگاری سنه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ته‌سنیم رایگه‌یاند: پارێزگای سنه‌ به‌هۆی بوونی سه‌رچاوه‌ی زۆری ئاو، خاك و زه‌وی باش و گونجاو بۆ كشتوكاڵ  و بوونی له‌وه‌ڕگای زۆر و باش، یه‌كێكە له‌ جه‌مسه‌ره‌ سه‌رەكییه‌كانی دابینكردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان، بەتایبەتی مه‌ڕ و ماڵات و گۆشتی سور له‌ ئێراندا.

مۆرادنیا ئاماژه‌ی بەوە کردووە: كه‌ له‌ ئێستادا له‌ پارێزگای سنە نرخی گۆشت له‌ به‌رزترین ئاستدایه‌ بەراورد بە سەرجەم ناوچەکانی ئێران، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وەی كه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ یه‌كێك له‌ دابینكه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مه‌ڕ و ماڵات و گۆشته‌، جێی سه‌رنج و سه‌رسوڕمانه‌، ده‌شڵێت: "هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ قاچاخبردنی مه‌ڕ و ماڵاتە بۆ وڵاتانی دراوسێ و له‌وانه‌ عێراق و به‌ تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان، هۆکارێکی دیکەش به‌رزبوونەوەی نرخی دۆلارە به‌رامبه‌ر تمه‌ن و چاودێریش نییە به‌سه‌ر سه‌ندیكا و ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وە".

سه‌رچاوه‌یه‌ك لەسه‌ندیكای قه‌سابخانەکان و گۆشتفرۆشانی شاری سنه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار بەراورد بە ماوەی پێشوو دابه‌زینی زۆری به‌ خۆیەوه‌ بینیوه‌، به‌ڵام هێشتا نرخی گۆشت به‌رزبووه‌نه‌وەیه‌كی به‌رچاوی هەبووه‌ و نرخه‌كه‌ی له‌م مانگه‌دا به‌راورد به‌ مانگی پێشوو  18% گرانتر بووه‌.

وتیشی: "له‌چاو ساڵی پاریش له‌م كاته‌دا، 60% به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌ بینیوه‌ و ئه‌مه‌ به‌ واتای هه‌ڵاوسانێكی به‌رزه‌ و جێی نگه‌رانیشه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش هۆكاری گرانی گۆشتی گەڕاندەوە بۆ بەرزی نرخی دۆلار، قاچاخی مه‌ڕ و ماڵات بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران و وڵاتانی دراوسی و هه‌رێم، وتیشی: "ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ خاوه‌ن مه‌ڕ و ماڵاته‌كان خۆیان ئاژه‌ڵه‌كانیان ده‌به‌نه‌ هه‌رێم و به‌ نرخی باشتر له‌ ئێران ده‌یانفرۆشن و هۆكارێكی دیكه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وەی كه‌ له‌مساڵدا به‌ هۆی ڕیژه‌ی باشی ئاو و باران، له‌وه‌ڕگه‌كان له‌ باشترین دۆخدابوون بۆ له‌وەڕاندن،  بۆیه‌ خاوه‌نی مەڕ و ماڵاته‌كان، فرۆشی مه‌روماڵاتیان كه‌مكردووەته‌وه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌ وتیشی: "له‌ ئێستادا سەندیکا كیلۆیه‌ك گۆشتی گوێره‌كه‌ی دیاریکردوە کە له‌ 75 هه‌زار بۆ 95 هه‌زار تمەنە و گۆشتی به‌رخیش زۆر به‌ كه‌می ده‌ستده‌كه‌وێت و ئه‌وەش له‌ 90 هه‌زار بۆ 120 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشێرێت و له‌كاتێكدا له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2018دا نرخی گۆشت 30 هه‌زار تمه‌ن بوو".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ندیكای قه‌سابخانە و گۆشتفرۆشان ئەوەشی وت: "به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ ئیستادا ناتوانین نرخه‌كان دابه‌زێنین و ئه‌وه‌ ناره‌زایه‌تی هاووڵاتیان و قه‌سابه‌كانیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و  ئه‌مه‌ دوو ڕۆژه‌ قه‌سابخانەكانی شاری سنه‌ بەهۆی ناجێگیری نرخی گۆشت و به‌رزبوونەوەی زۆری و نه‌بوونی كڕیار، مانگرتنیان ئەنجامداوە و داوای هاوسه‌نگی نرخه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ده‌كه‌ن".

هاووڵاتییه‌كی سنه‌یی به‌ ناوی هیوا سه‌ربازی، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: من ئه‌ندازیاری بیناسازیم وهاوسه‌رگیریم كردوه‌ و منداڵیشم نیه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وەی كه‌ من موشته‌ری هەمیشەیی ئه‌و قه‌سابخانەیەم كه‌ گۆشتی لێده‌كڕم، گۆشتی گوێره‌كه‌م به‌ 80 هه‌زار تمه‌ن ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌وە بۆ من كه‌ بارودۆخی ئابووریم له‌ مامناوه‌ند به‌رەوسه‌ره‌ قورسه‌، ئیتر ده‌بێت بارودۆخی چینه‌ كه‌مداهاته‌كان، مامناوه‌نده‌كان و ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی منداڵیان هه‌یه‌ چۆن بێت؟ و كێ وەڵامی ژیانی ناته‌ندروستی منداڵانی كورد ده‌داته‌وه‌؟

هیوا وتیشی: "له‌ شاری سنه‌ كه‌ ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یه‌ و سه‌ندیكاكان چالاكترین چاودێری به‌سه‌ر قه‌سابخانه‌كاندا دەکەن نرخ بەوجۆرەیە، له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ بارودۆخ خراپتر و نرخه‌كان ناجێگیرن و هه‌ركه‌س به‌ حه‌زی خۆی نرخ دیاری ده‌كات".

هاووڵاتیه‌ك له‌ شاری سه‌قز به‌ ناوی شه‌یدا راوه‌ن بۆ دواڕۆژی باسی لەوەکرد: له‌ مانگی پێشوودا نرخی یەک كیلۆ گۆشتی گوێره‌كه‌ 60 هەزار بووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای دابه‌زینی نرخی دۆلار کە پێشترم پاساوی ئەو بەرزبونەوەیەی نرخی گۆشت بوو ، له‌م مانگه‌دا نرخی كیلۆیه‌ك گۆشتی گوێره‌كه‌ 80 هه‌زار و زیاتره‌ و گۆشتی به‌رخیش هه‌ر بوونی نییه‌ و ئێمه‌ خه‌ریكه‌ بیرمان ده‌چێته‌وه‌ به‌رخیش بوونی هه‌یه‌".

شه‌یدا وتیشی: "له‌ سه‌قزیش سێ رۆژه‌ قه‌سابخانەكان مانیان گرتووه‌ و دوكانه‌كانیان داخستووه‌، ئیتر بۆ خۆتان  له‌م چیرۆكه‌وە چیرۆكی ئێمه‌ بخوێننه‌وه‌".

له‌ كۆتاییدا به‌ دواڕۆژ ده‌ڵێت: " ئێمه‌ له‌ قه‌یرانداین و سه‌ره‌ڕای ئەوەش زۆر به‌ سه‌برین، ژیان لێره‌ به‌ راستی سه‌خته‌".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure