مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و پارتی كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2019‌ :: 2901‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وابڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتیی له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونى بارزانی كۆببنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى پێشتر بڕیاربوو كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ سلێمانى له‌نێوان شاندى دانوستانكارى هه‌ردوولا ئه‌نجامبدرێت.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، وابڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ 7ى كانونی  دووه‌م له‌ هه‌ولێر هه‌ردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی پرسی ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوولا ده‌بێت.

ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو سبه‌ینێ وه‌فدى دانوستانكارى پارتى بۆ پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت سه‌ردانى سلێمانى بكات و له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌ و داوایكردووه‌ سبه‌ى مه‌كته‌بى هه‌ردولا له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هه‌واڵه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتى: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ره‌وینه‌وه‌ى ئه‌و گرژیانه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌نێوان هه‌ردولا روویاندا، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ كادره‌كانى هه‌ردولا ئازادكران و چاره‌سه‌ركرا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر پرسى پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت ده‌كرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌فدى یه‌كێتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و وه‌فدى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان شاندی دانوستانكاری پارتی دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی نێوان هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى بۆ جارێكی دیكه‌ سه‌ردانی سلێمانی ده‌كه‌نه‌وه‌.

پێشتر مسته‌فا چاوڕه‌ش به‌ دواڕۆژی راگه‌یاندبوو: بڕیاره‌ی سبه‌ی شاندی دانووستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی سلێمانی بكات و له‌گه‌ڵ شاندی باڵای یه‌كێتی كۆببێته‌وه‌.

وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت هه‌رێم و داخوازیی لایه‌نه‌كان ده‌كرێت".

به‌هۆی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ و ده‌ستگیركردنی كادیره‌كانی یه‌كتر، ماوەیەکە كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ستاوە، هاوكات دوای هه‌ڵبژاردن تائێستا پارتی دووجار سه‌ردانی سلێمانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كۆبووەته‌وه‌.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure