سەركردەیەكی پارتی: لە گفتوگۆی ئەمجارەشدا پێكهێنانی حكومەت یەكلایی نابێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2019‌ :: 335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی رایدەگەیەنێت: لە گەڕی ئەمجارەی گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم یەكلایی نابێتەوە، بەڵام رەنگە ئەمجارە هەندێك لێكتێگەیشتن هەبێت سەبارەت بە بەرنامەی كاری حوكمڕانی و هەنگاوەكان باشتر بڕۆنەوە پێشەوە.


ئەمڕۆ مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە دواڕۆژی راگەیاندبوو: سبەینێ دووشەممە شاندی پارتی سەردانیان دەكەن بەمەبەستی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

بەڵام ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی زانیارییەكانیان، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆش هیچ هەواڵێكیان پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی سبەینێ شاندی پارتی لەكاتی هاتنیان بۆ شاری سلێمانی سەردانی گۆڕانیش بكەن.

لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەرچەندە وەكو خۆی زانیاری نییە سەبارەت بەوەی سبەینێ شاندەكەی پارتی لەسەردانی بۆ سلێمانی دەچێتە لای گۆڕانیش دەكات یان نا، بەڵام لەكاتی سەردانی پارتی بۆ سلێمانی، سەردانی یەكێتی و گۆڕانیش دەكەن.

ناوبراو روونیكردەوە، ئاسان نییە بەم دانیشتنەكەش مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ یەكلایی بێتەوە، چونكە تائێستا باسی وردەكاری پۆستەكان نەكراوە، بەڵام رەنگە ئەمجارە هەندێك لێكتێگەیشتن هەبێت سەبارەت بە بەرنامەی كاری حوكمڕانی و هەنگاوەكان باشتر بڕۆنەوە پێشەوە.

رۆژی 30-9-2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، بەڵام تائێستا لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێى حكومەتی هەرێم.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure