پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ده‌غیله‌ى فه‌رمانبه‌رانى به‌تاڵكرد

هەواڵ / ئابوری :: 06/01/2019‌ :: 8796‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی زریان محه‌مه‌د
ماوه‌ى سێ ساڵه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و بڕیارى پاشه‌كه‌وتكردنى مووچه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌یانتوانیوه‌ پاره‌ى پاشه‌كه‌وتكراو هه‌ڵبگرن، ئه‌و دۆخه‌ نائارامى له‌ بژێوى ژیانیان و ئاستى داهاتیان دروستكردووه‌.   

 له‌ساڵى 2016دا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌شێك له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاشه‌كه‌وت بكات كه‌ 75% به‌ره‌و خواره‌وه‌ بوو به‌پێى پله‌كانیان.

 ئه‌و بڕیاره‌ له‌پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانى ته‌واوى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا بدات.     

ئاراس فایه‌ق، فه‌رمانبه‌ری یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانى  هه‌رێمه‌، ئه‌و به‌ر له‌وه‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وت بكرێت خۆی و هاوسه‌كه‌رى كه‌ فه‌رمانبه‌ر بوون جگه‌ له‌ كرێى خانوو و خه‌رجى دوو منداڵه‌كه‌ى ده‌یانتوانى مانگانه‌ش پارە پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، به‌ڵام له‌پاش بڕیارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و چتر ده‌غیله‌یه‌كیان نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مانگانه‌ پاره‌ى تێدا هه‌ڵبگرن.

 

ئاراس فایه‌ق به‌ دواڕۆژى وت: "كه‌ بڕیارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ درا  چوومه‌وه‌ سه‌رماڵی باوكم تا كرێى خانوو نه‌ده‌م، ئه‌و مووچه‌یه‌ی خۆم و خێزانه‌كه‌م وه‌ریده‌گرین به‌شی خه‌رجی منداڵه‌كانم ده‌كه‌ن و  مانگی وا هه‌یه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك پاشه‌كه‌وت ناكه‌ین".

تائێستا چاره‌نوسی ئه‌و پاشه‌كه‌وتى مووچه‌یه‌ دیار نییه‌ كه‌ حكومه‌ت قه‌رزارى فه‌رمانبه‌رانه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند مووچه‌یه‌كى ته‌واو كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌ریان نه‌گرتووه‌. 

له‌م نێوه‌نده‌شدا فه‌رمانبه‌ران نه‌ پاشه‌كه‌وتى خێزانییان ماوه‌ نه‌ ئومێدیشیان زۆر به‌و مووچه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت بۆى پاشه‌كه‌وت كردوون. 

د. خالید حه‌یده‌ر ، مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی به‌ دواڕۆژی وت"ئێستا مووچه‌ ئه‌وه‌نده‌ نیه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر بتوانێت له‌و پاره‌یه‌ پاشه‌كه‌وتی بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و مووچه‌یه‌ی ده‌درێت به‌ فه‌رمانبه‌ر خۆی پاشه‌كه‌وت كراوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كاتی پێدانی مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر جێگیر نیه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر هه‌ستبكات به‌ چه‌ند ڕۆژ جارێك مووچه‌ وه‌رده‌گرێت".

وتیشى: "ده‌بێت پله‌به‌ندی و ڕیزبه‌ندی بۆ پێداویستییه‌كانی مرۆڤ بكه‌ین كه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و جلوبه‌رگ و مانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ژیان پاش ئه‌مانه‌ ده‌كرێت بیر له‌ پاشه‌كه‌وت بكرێته‌وه‌، سه‌به‌ته‌ی به‌كاربه‌ر كه‌ پێویسته‌ پڕبكرێته‌وه‌ له‌بودجه‌ی خێزان ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ پڕكرانه‌وه‌ ئه‌وكات فه‌رمانبه‌ر ده‌توانێت پاشه‌كه‌وت بكات".

ئۆباڵى به‌شێك له‌ كێشه‌كانى پاشه‌كه‌وتنه‌كردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن خودى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ رێژه‌ى پاشه‌كه‌وتكردنى مووچه‌كه‌یه‌تى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رێكى ئاست مامناوه‌ند نیوه‌ى مووچه‌كه‌ى  وه‌ك پاشه‌كه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى  حكومه‌ت.   

 

یوسف شه‌ریف، ئابوریناس  به‌ دواڕۆژی وت: "مووچه‌ به‌شێوه‌ی زانستی دانه‌نراوه‌ جیاوازی زۆر هه‌یه‌ له‌دیاریكردنی پله‌ و پۆستدا كه‌ پۆست هه‌یه‌ مووچه‌كه‌ی زیاتر له‌ سێ ملیۆن دیناره‌‌ و هه‌شه‌ مووچه‌كه‌ی 300 هه‌زار دیناره‌ كه‌ ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی زۆره‌ و ده‌رفه‌تی پاشه‌كه‌وت ناڕه‌خسێنێت".

یوسف شه‌ریف وتیشی: "ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ خێزانێك پاشه‌كه‌وتی ده‌كات زۆرجار له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تێك بۆ داهات كه‌مه‌كان بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ستی قازانج له‌ پڕۆژه‌یه‌كی ئابووریدا ئه‌م داهاته‌ بۆ كڕینی پێداویستی كه‌مالیات به‌كارده‌هێنرێت وه‌ك ئۆتۆمبێل، خانوو، زه‌وی و پێداویستی دیکە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "پێویستە حكومه‌ت كار بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ بانكه‌كان و دامه‌زراندنی بازاڕی پشك و كاغه‌زه‌ داراییه‌كان، كاریش بكات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ئابووری پاشەكه‌وت و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی".

 

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure