هێڵی پاس لە شەقامەكانی سلێمانی جیادەكرێنەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 06/01/2019‌ :: 285‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە ئێستادا سەرقاڵی پڕۆژەیەكن بۆ جێكردنەوەی هێڵی پاس لەسەر شەقامەكانی شارەكەیان.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكرد: لە ئێستادا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ سەرقاڵی ئەوەین لە شەقامە سەرەكیەكانی شاردا هێڵێكی پاس جیابكەینەوە، بۆ ئەوەی جگە لە پاس هیچ ئۆتۆمبێلێكی تر هاتووچۆی پێدا نەكات، ئەمەش بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە زووترین كات بگەنە ناو بازاڕ و بە پێچەوانەشەوە بگەڕێنەوە.


رونیشیكردەوە: كاتێك هاوڵاتی بزانێت بەپاس لە نزیكترین ماوەدا دەگاتە ناوبازاڕ ئۆتۆمبێلی خۆی بەكارناهێنێت و ئەو لۆدە زۆرەی سەر شەقامەكان كەم دەبێتەوە و ژینگەش پاكتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی، باسی لەوەشكرد: لە ئێستادا كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەكەین و بەرنامەكەمان بەجۆرێكە پاس لەناو بازاڕ نەوەستێت و گەراجیان نەبێت لە شوێنی وەك دارە سووتاوەكە و شوێنی تر، بەڵكو وێستگەیان بۆ دیاری دەكەین و وادەكەین پاسەكان بەردەوام هاتووچۆ بكەن، چونكە هاوڵاتی ئامادەنیە تا پاسەكە پڕدەبێت بە گەرما و بە سەرما چاوەڕێ‌ بكات تا دەڕوات، بۆیە كاتێك دەزانێت پاسەكە یەكسەر دەڕوات ئۆتۆمبێلی خۆی بەكارناهێنێت".

 
سدیق محەمەد، وتیشی "بۆ ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ هاتووچۆی سلێمانی لیژنەیەكمان پێكهێناوە و لەم هەفتەیەدا دەستبەكار دەبێت و هێڵكاری خەتەكان دەستنیشاندەكەین، دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەین".

جەختیشی كردەوە: ئەگەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم جێگیر بێت بەدڵنیاییەوە لەماوەی كەمتر لە ساڵێك شاری سلێمانی بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە دەیكەین بە شارێكی نمونەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر بارودۆخ جێگیر نەبێت پڕۆژەكانمان پەكیان دەكەوێت، چونكە كۆمپانیای بیانی بەبێ‌ زەمان ئامادەنیە سەرمایەكەی بخاتە پڕۆژەیەكەوە و جێبەجێی بكات.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure