دیندار زێباری: پێکهێنانی هێزی ئەمنی هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ شەنگال

هەواڵ / کوردستانی :: 06/01/2019‌ :: 206‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی بڵاوکراوەی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: مێژووی شنگال و دەوروبەری پێش هاتنی داعش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێکهێنانی هێزی ئەمنی هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی ناوچەکە.

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2018 بڵاوکراوەیەکیان لەژێر ناوی "هەنگاوەکانی پێشکەوتنی شنگال" بڵاوکردەوە. ئەم بڵاوکراوەیە باس لە دۆخی شنگال و ململانێ سیاسییەکانی ئەو شارە دەکات کە وای کردووە پشتگوێبخرێت و وەک پێویست کار بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەم شارە نەکرێت، لەم بڵاوکراوەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری زیاتر بکەن بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ شنگال چوونکە وەک پێویست لەم رووەوە رۆڵیان نەگێڕاوە.

د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: پێشوازی لە راپۆرتی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سەبارەت بە شەنگال و دەوروبەری، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین تێبینیمان لەسەر ژمارەیەك لەو پێشنیارانە هەیە کە لەم بڵاوکراوەیەدا ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کراوە، بۆ نموونە ئەوان داوای گۆڕینی قایمقامی شەنگال دەکەن، لە کاتێکدا کە بەشێوەیەکی فەرمی (شەرعی) لەلایەن خەڵکی شنگالەوە هەڵبژێردراوە بەپێی دەستوور و بە هەڵبژاردن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتیشی: "پێش هاتنی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری لە ماوەی ساڵانی 2003-2014 هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی ناوچەکەیان کردبوو و ئاسایشی ئەو ناوچەیە بە جۆرێک پارێزراو بوو کە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی یاخود توندڕەوی لەو ناوچانە رووینەداوە. کەواتە مێژووی ئەم ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە پێکهێنانی هێزی ئەمنی  هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی ناوچەکە". 

لە درێژەی قسەکانیدا د.دیندار زێباری باسی ئەوەشی کرد: بە مافی شەرعی خۆمانی دەزانین کە هێزەکانی پێشمەرگە تەواجودیان هەبێت لە شنگال و دەوروبەری تا ئەو کاتەی کە کێشەی ماددەی 140 یەکلادەکرێتەوە، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە کوردن و هێزەکانی پێشمەرگەش هەر لە خودی خەڵکەکە خۆیانن کە پارێزگاری لە شاری خۆیان دەکەن. حکومەتی هەرێم پێشتر هێزێکی تەواوی لە پێکهاتە ئێزیدییەکان پێکهێناوە کە ژمارەیان 4 هەزار کەسە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی حکومەتی هەرێم کۆنترۆڵی کردوون هەموو هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەن.  

زێباری راشیگەیاند: ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەپێناو رزگارکردنی شنگال و کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش رۆڵی سەرەکیان گێراوە و زیاتر لە 700 پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی شەنگال شەهید بوون، بۆیە تا جێبەجیکردنی ماددەی 140 و چارەسەربوونی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان هێزەکانی پێشمەرگە پێویستە تەواجودیان هەبیت لەم ناوچانە.

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان داوایان کردوە کە رێگەی سەرەکی نێوان شنگال و دهۆک بکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ئازادانە هاتوچۆ بکەن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. زێباری رایگەیاند "بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی رۆژی 15ی تشرینی دووەمی 2018 رێگەکە کراوەتەوە و خەڵک دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن، بەڵام هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ شەنگال رێگەکە نییە بەڵکو ئەو کاولکارییەیە لە شنگال روویداوە و نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیە سەرەتاییەکان لەوێ وایکردوە خەلک نەگەڕێتەوە شنگال".

دیندار زێباری، باسی ئەوەشی کردوە: بە بەردەوامی داوایان لە رێکخراوەکان، ئاژانسەکانی یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە کە هاوکاری خەڵکی ئەم شارە بکەن، بەڵام ريكخراوه نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەوە زۆر کەمتەرخەم بوون و تەواجودیان لە شنگال و دەوروبەری نەبووە  هەر بۆیە نزیکەی 80%ی ئەو ئێزیدیانەی کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure