فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی مەدەنی لەسەر دەستگیركردنی كادیرانی پارتی و یەكێتی هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2019‌ :: 274‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەبارەی دەستگیرکردنی کادیرانی یەکێتی و پارتی لە هەولێر و گەرمیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیایدا داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن کرد دەستبەجێ ئەو جۆرە كارانە رابگرن و چیدی خەڵك لە دەرەوەی یاسا و دادگا دەستگیر نەكرێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەبەردەم دادگای سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد و عیماد حەمید نوێنەری فیدراسیۆنەکە رایگەیاند: وەك هەموو لایەك ئاگادارن لەماوەی رابردوودا چەند كەسێك لەهەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەبێ هیچ پاساوێكی یاسایی و بێ بڕیاری دادوەر دەستگیركران، بێگومان ئەم راگرتنانەش بەپێی یاسا و لەچوارچێوەی دامەزراوە حكومییەكان بێت ئاسایی و یاساییە.

وتیشی: "بەڵام ئەوەی بووە جێی سەرنجی هەمووان دەستگیركردنی چەند كەسێك بووە لە دەرەوەی هەموو جۆرە یاسا و رێسایەكی دامەزراوەیی، لەهەمانكاتیشدا لێدوانی دەزگاكانی ئاسایش دڵخۆشكەر نەبوون و پێچەوانەی هەموو جۆرە بنەمایەكی دادوەری و دەوڵەتی دامەزراوە بوون".

عیماد ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە پێمانوایە دەبێت لەو جۆرە پرسانەدا هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بێلایەنانە كار بۆ سەروەری یاسا و ئارامی هەمووان بكەن، بەڵام بەداخەوە لەم دۆخەدا ئەو بێلایەنی و رێگرتنە لە یاسا بەرچاو ناکەوێت.

فیدراسیۆنی رێكخراوەكان ئیدانەی هەموو پێشێلكارییەکی یاسایی دەكەن و جەخت لەسەروەری یاسا دەكەنەوە و روودەكەنە هەریەكە لە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن و داوا دەکەن دەستبەجێ ئەم جۆرە كارانە رابگرن و چیدی خەڵك لە دەرەوەی یاسا و دادگا دەستگیرنەكرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک كادیری پارتی و یەكێتی لە ناوچەی گەرمیان و شاری هەولێر دەستگیركران، ئەمڕۆ كادیرەكەی پارتی ئازادكرا و بڕیارە هەر ئەمڕۆش كادیرەكانی یەكێتی ئازاد بكرێن.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure