یەکەم قەزای سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دیاریدەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2019‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشکرایدەکایت: سه‌رجه‌م تایبەتمەندییەکانی به‌ قه‌زاكردنى ناحیه‌ى خورماڵى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واوبووە و چاوه‌ڕێى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار له‌سه‌ر یه‌كه‌م قه‌زاى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ر بكه‌ن.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: لە سه‌ره‌تاى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دانیشتووانى ناحیه‌ى خورماڵ و ئیداره‌ى ناحیه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى واژۆ داوایانكردووه‌ كه‌ ناحیه‌كه‌یان بكرێته‌ قه‌زا، بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ داواكارییه‌كانمان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى دیكه‌ كردووه‌.

وتیشی: "هیچ به‌ربه‌ستێكى یاسایى و ئیدارى نییه‌ خورماڵ نه‌كرێته‌ قه‌زا، بۆیه‌ چاوه‌ڕێى ده‌ستپێكردنى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ن و دواتر رێكاره‌ ئیدارى و یاساییه‌كانى به‌ قه‌زاكردنى خورماڵ بگرینه‌به‌ر، بەوەش خورماڵ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م قه‌زاى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌".

جێگرى پرێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: نه‌بوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ نه‌توانراوه‌ تائێستا خورماڵ بكرێته‌ قه‌زا.

ناحیه‌ى خورماڵ به‌ یه‌كێك له‌ كۆنترین ناحییه‌كانى سنوره‌كه‌ داده‌نرێت و ساڵانى 1860 له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تى عوسمانییەوە ناوه‌كه‌ى گۆڕدراوه‌ بۆ گوڵ عه‌نبه‌ر، به‌ڵام له‌ ساڵى 1919 ئینگلیزه‌كان خورماڵیان كردووته‌ ناحیه‌ و ناوه‌كه‌ى پێشووتریان بۆ گه‌ڕانده‌وه‌، ئێستا ژمارى دانیشتووانى خورماڵ زیاتر له‌ 30 هه‌زار كه‌س ده‌بێت و 40 گوند له‌ خۆ ده‌گرێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure