كادیره‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئازاد ده‌كرێن

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2019‌ :: 1178‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له‌ هه‌لوێر رایده‌گه‌یه‌نێت: كادیره‌كه‌ى پارتى له‌ سلێمانى ئازادكراوه‌و كه‌مێكى دیكه‌ش سه‌رجه‌م كادرانى یه‌كێتى له‌هه‌ولێر ئازاد ده‌كرێن.

حاجى مه‌سیفى، جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى 3ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كادیره‌كه‌ى پارتى له‌ سلێمانى ئازادكرا.

وتیشى: "بڕیاره‌ كه‌مێكى دیكه‌ سه‌رجه‌م كادیره‌ ده‌ستیگركراوه‌كانى یه‌كێتى له‌هه‌ولێر ئازاد بكرێن".

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى كادیرانى پارتى و یه‌كێتى له‌ هه‌ولێرو سلێمانى، له‌ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ عیسمەت ئەرگۆشی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم و لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری كردووه‌ كه‌ ده‌ستبه‌جێ هه‌ردوو كادیره‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى ئازاد بكه‌ن.

هه‌فته‌ى رابردوو، سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم كادیری پارتی له‌ سلێمانى ده‌ستیگركراوه‌ له‌به‌رامبه‌ردا ئاسایشى هه‌ولێر پێشڕەو وەیسی كادیری یەكێتی له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرد.

پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە دواڕۆژى راگه‌یاند: تاوه‌كو كادیره‌كه‌ى پارتى له‌ سلێمانى ئازاد نه‌كرێت، كادیره‌كه‌ى یه‌كێتى له‌هه‌ولێر ئازاد ناكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure