فازڵ میرانی: پارتی رەچاوی سەنگ و مێژووی یەكێتی دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2019‌ :: 1368‌ جار بینراوە
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌رچه‌نده‌ قۆناغی فیفتی به‌ فیفتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌سه‌رچووه‌، به‌ڵام ره‌چاوی "سه‌نگ و مێژووی یه‌كێتی ده‌كه‌ین".


فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ی كانوونی دووه‌م راگه‌یاند: هەنگاو و هەوڵەكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تری هەرێم بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان كه‌ لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت بەردەوامن و لەم پێناوەدا گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گونجاو درێژەیان دەبێت.

له‌باره‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، میرانی وتى: "لای ئێمە ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن گرنگە، بەڵام نەك بە فیفتی بە فیفتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا، چونكە ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی كە ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی رەچاوی سەنگ و مێژووی یەكێتیی دەكات".

ئه‌و وتانه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى له‌میانه‌ى كۆبونه‌وه‌یدا بوو له‌گه‌ڵ ستێڤ ڤیگن، لە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و جێگری كونسوڵی سیلڤیا بۆ كاروباری بازرگانی.

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاندووه‌: لای پارتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سەقامگیریی ئەمن و ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە پێش هەر پلە و پۆستێك یا دەستكەوتێكدایە.

لای خۆیەوە كونسوڵى گشتیی ئەمەریكا هیوای خواست بە زووترین كات حكومەتی نوێی كوردستان پێكبهێنرێت، كە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure