سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی: دواخستنى پێكهێنانی حكومه‌ت خه‌ڵك بێزارده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 414‌ جار بینراوە
"لایه‌نه‌كان پێویستیان به‌ ره‌وشێكی سیاسی ئارام هه‌یه‌"

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت: موماته‌ڵه‌كردن به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت خه‌ڵكی بێزاركردووه‌ و ده‌شڵێت: یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی پارتی و یه‌كێتی باسده‌كرێت تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌ستگیركردنی كادیرانی حزبه‌كه‌ی. 


زیاتر له‌ سێ مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌ڕیووه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكومه‌ت دیارینه‌كراوه‌. 

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ی كانونی دووه‌می 2019 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هیچ بیانوێك نه‌ماوه‌ بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ی هه‌رێم و موماته‌ڵه‌كردنیش به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت خه‌ڵك بێزار و بێ متمانه‌ ده‌كات. 

وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كێتی بابه‌تی ده‌ستگیركردنی كادیره‌كانی له‌ سنووری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارتی باسده‌كات، چونكه‌ عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ لایه‌نه‌كان پێویستیان به‌ ره‌وشێكی سیاسی ئارام هه‌یه‌ و ناشكرێت له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی كه‌سێك حزبێكی تر بێت ژماره‌یه‌ك كادیری یه‌كێتی ده‌ستگیربكات". 

ماوه‌ی 97 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ و 60 رۆژی ته‌واویشه‌ ئه‌ندامانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م لاوازن. 
 
مسته‌فا چاوڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگی به‌و حزبانه‌ داوه‌ تاوه‌كو زوو حكومه‌ت ده‌ستبه‌كاربێت و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بكه‌ونه‌وه‌كار نه‌ك ئه‌م پرسه‌ بكرێته‌ قوربانی لایه‌نه‌كان، چونكه‌ خه‌ڵك ئه‌م جۆره‌ كاره‌ی قبوڵ نییه‌. 

به‌پێی وته‌ى ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى تاوه‌كو ئێستا هێچ واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ى نوێى لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ دیاری نه‌كراوه‌. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure