حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی له‌ توركیا ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2019‌ :: 248‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كاری ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی خۆی له‌توركیا و به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌ئێستادا شاندێكی هەولێر سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌، شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌نقه‌ره‌، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ و له‌ئێستاشدا سه‌رقاڵی رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانن و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا دوای سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ئێستادا نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ توركیا له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری بۆ ده‌ستنیشانكراوه ‌و داواش له‌ سه‌فین دزه‌یی كراوه‌ ببێته‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌م وڵاته ‌و ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه‌ ناوبراو چۆته‌ توركیا.

لای خۆیه‌وی سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: حکومەتی تورکیا بە فەرمی، دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو داوایەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەوکات بەهۆی رەوشی داراییەوە، نەتوانراوە نوێنەرایەتییەکە بکرێتەوە.

وتیشی: "بەکردنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەت پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باشتر ده‌بێت، چونكه‌ کردنەوەی نوێنەرایەتی لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ هه‌ردوولا".

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure