وه‌رگرتنى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك له‌ پارێزگایه‌کی هه‌رێم جێبه‌جێناكریت

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2019‌ :: 768‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت: به‌هۆى چاره‌سه‌رنه‌كردنى کێشەی بەڵێندەرەکانەوە، لەمساڵدا پڕۆژەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیان جێبه‌جێبكرێت.


حه‌سه‌ن ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ بابه‌تى وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ هاووڵاتیان له‌ به‌رامبه‌ر كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاكى رۆژانه‌یان بووه‌ته‌ بابه‌تێكى گه‌رمى نێو هاووڵاتیان و ده‌زگاكانى راگه‌یاندن، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵیش ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێناكرێت.

وتیشی: "یه‌كێك له‌ گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ى به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستێت ده‌بێت سه‌رژمێرى دانیشتوانى سه‌رجه‌م شار و شارۆچككه‌كانى سنوره‌كه‌ و ته‌نانه‌ت سنورى پارێزگاى سلێمانیش بكات، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراو نییه‌، هاوكات هێشتا ستانداردێك دیارینه‌كراوه‌ بۆ چۆنێتى وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ هاووڵاتیان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، بۆیه‌ ئه‌مساڵ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ هاووڵاتیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك ناكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشدا: له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیداره‌وه‌، داوامانكردووه‌ كه‌ وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ هاووڵاتیانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ جیاوازى تیادا بكرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شاره‌كانى دیكه‌ سێ هه‌زار دینار له‌ هاووڵاتیان وه‌ربگیرێت، ئه‌وا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نیا بڕى یه‌ك هه‌زار دینار وه‌ربگیرێت ئه‌وه‌ش وه‌ك له‌به‌ر چاوگرتنى خراپى بارى دارایى زۆرێك له‌ خێزانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure