كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى و یه‌كێتى هه‌ڵپه‌سێردراون

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2019‌ :: 1889‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى ده‌ستگیركردنى چه‌ند كادیرێكى یه‌كتر، كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان له‌ باره‌ى پرسى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێمەوە به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌مێنێته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ى ئاشكرابكرێت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاربوو له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕى سێیه‌مى كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو روویاندا، كۆبوونه‌وه‌كان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماونه‌ته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش روون نییه‌ كۆبوونه‌وه‌كان كه‌ى ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ به‌رپرسانى یه‌كێتمان زانیوه‌ جارێ كۆبوونه‌وه‌كان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌هێڵنه‌وه‌، تاوه‌كو كێشه‌ ئه‌منییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا چاره‌سه‌رده‌كرێن، چونكه‌ ناكرێ له‌ باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت گفتوگۆبكرێت له‌ كاتێكدا گرژى و ئاڵۆزى له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت.

وتیشى: "هه‌وڵێكى ناوبژێوانى هه‌یه‌  بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌مدا دۆخه‌كه‌ ئاسایبكرێته‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌".

دوێنێ هەینی له‌ كۆبوونه‌وه‌ى كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ئەوەیان راگەیاندبوو: بۆ پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هه‌ردوولا جەختیان لەوەكردۆته‌وه‌ گفتوگۆكان پێویستی بە كەشێكی لەبار و گونجاوی نێوان لایەنەكان هەیە.

لاى خۆیه‌وه‌ ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو ده‌ستگیركردنی كادیرانی پارتی و یه‌كێتی له‌ گه‌رمیان و هه‌ولێر بۆته‌ هۆكار بۆ دڵه‌ڕاوكێ له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستان و زۆر خه‌ڵكی دڵسۆز له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپه‌سیارێتی داوای هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌یان كردووه‌، چونكه‌ ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی بگه‌ڕێته‌وه‌.

دەشڵێت: "گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن تا ئه‌مڕۆش هه‌ستیان به‌و جیاوازییه‌ مه‌زنه‌ی قۆناغی ئه‌مڕۆ و ساڵی 94 نه‌كردبێ و یان نه‌یانه‌وێ ئه‌م جیاوازییه‌ قبوڵ بكه‌ن و به‌ تایبه‌ت ئێستا و له‌ كاتی ئاماده‌كاری بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و ده‌یانه‌وێ به‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ وا نیشان بده‌ن كه‌ كوردستان تا ئه‌مڕۆش، دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاوازی هه‌یه‌".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure