نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك...بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كوردستانی بۆ هه‌رێم

هەواڵ / چاوی تۆ :: 05/01/2019‌ :: 262‌ جار بینراوە

فریاد هیرانی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لێكترازان و جۆرێك په‌رش و بڵاوی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ناكۆكی و لێكترازان و په‌رش و بڵاوییه‌كه‌ له‌سه‌ر پۆست و پله‌ و پایه‌یه‌، نه‌ك له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و ئه‌جێندای حكومه‌تی داهاتوو، نه‌ك له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی حوكومڕانی حكومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێم، به‌دڵنیایی ئه‌مه‌ش جێی داخه‌!


ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێ بیخه‌مه‌ڕوو، به‌مسۆگه‌ری هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن به‌ دڵیان نابێت و له‌وانه‌یه‌ زۆرینه‌ش پێیان باش بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ ناوه‌ڕۆكی حكومه‌ته‌كه‌ و به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ چیه‌ و چۆنه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌لامه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كێ چ پۆستێك وه‌رده‌گرێ یان لایه‌نه‌كان هه‌ر یه‌كه‌ی چه‌ند كورسی وه‌زاره‌تیان به‌رده‌كه‌وێ.. به‌ كورتی وه‌ك به‌رچاوڕوونییه‌ك و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كوردستانی بۆ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:

1- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و راپرسی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، جارێ دیار نیه‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی هه‌رێم سه‌رۆكایه‌تییه‌ یان په‌رله‌مانی یان هه‌ر جۆرێكی تره‌، دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا دامه‌زراوه‌یه‌كی زیاده‌یه‌ تا ئه‌وكاته‌ی ده‌ستور په‌سه‌ند ده‌كرێ و له‌ راپرسییه‌كی گشتیدا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێ، چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ ئێستا باس ده‌كرێ جۆرێك له‌ ئیشكالیه‌ت له‌ناو ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێ، بۆ نموونه‌ له‌ سیستمی په‌رله‌مانیدا په‌رله‌مان كه‌سێك راده‌سپێرێ كه‌ حكومه‌ت دروست بكات و پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان پێكبهێنێ، به‌ڵام له‌ سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیشه‌ (هه‌ر ته‌شریفاتی نیه‌ وه‌ك سیستمی به‌غدا) هه‌ر خۆیشی كابینه‌ی حكومه‌ت دروست ده‌كات و پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان دیاریی ده‌كات، كه‌واته‌ ده‌بێ یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن هه‌بێ ئه‌ویش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یه‌تی (وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م پێداوه‌ مه‌به‌ست هیچ لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌ك نیه‌ ئه‌وه‌ یاساناسه‌كان باشتر ده‌زانن كه‌ ده‌بێ یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن هه‌بێ كه‌ به‌رپرسیار ده‌بێ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چن).

2- ئه‌وه‌ی لێره‌ ده‌یخه‌مه‌ڕوو ته‌نیا بۆچوون و پێشنیاره‌. بۆیه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ په‌رله‌مان كۆبێته‌وه‌ و ده‌نگ بداته‌ كه‌سێك و رایسپێرێ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، وه‌ك بڵاویش بووه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت هی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و كاندیدی پارتییش (به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی) یه‌، ئینجا سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێراو بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ پێكهێنان و ده‌ستنیشانكردنی پۆسته‌ وه‌زاریه‌كان.

3- مه‌به‌ست له‌ حكومه‌تی كوردستانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ حكومه‌تێكی كوردی نه‌بێت و كوردستانی بێت، هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان له‌خۆبگرێ به‌ ئیراده‌ی خۆیان به‌شداربن مادام خۆیان به‌ خاوه‌نی وڵاتێك ده‌زانن كه‌ كوردستانه‌ پێویسته‌ به‌شداریی ئه‌كتیڤانه‌شیان هه‌بێت له‌ حكومه‌ته‌ كوردستانیه‌كه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو پێویسته‌ به‌ ده‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیه‌كان هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شداریی پێ بكات كه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كانیانن نه‌ك هه‌ر ته‌نیا حزبه‌كانیان له‌ ناو پێكهاته‌كان مه‌رج نیه‌ هه‌ر پاڵێوراوی حزبه‌ سیاسیه‌كان بن ده‌كرێ كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و به‌ده‌ر له‌ حزبه‌كان بپاڵێورێن و پۆستیان پێ بدرێت.

4- هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تی كوردستانی پێویسته‌ ئه‌و شار و شارۆچكه‌ و ناوچانه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی پێكهاته‌كانی هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو لامه‌ركه‌زیان هه‌بێت.

5- نه‌وت و داهاته‌كان كه‌ كۆڵه‌گه‌ی حكومه‌ت و سه‌رچاوه‌ی ژیان و بژێویی خه‌ڵكن، پێویسته‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوو ئه‌م دۆسیه‌یه‌ له‌ ژووری تاریك ده‌ربهێنرێت و به‌رچاوڕوونی بدرێته‌ هه‌موو خه‌ڵك و مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵك بدرێته‌وه‌ و جارێكیتر (به‌ یاسا نه‌بێت) ده‌ست بۆ مووچه‌ی خه‌ڵك نه‌بردرێت!

6- هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم، كه‌ به‌رگری له‌ هه‌رێم و ئاسایشی هه‌رێم ده‌كه‌ن پێویسته‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی و پیشه‌یی بكرێن و چاكسازی له‌ پۆست و به‌رپرسیارییتیه‌كان و پله‌ و پایه‌ هه‌ستیاره‌كاندا بكرێ، رموزه‌ حزبیه‌كان به‌ رێزه‌وه‌ خانه‌نشین بكرێن و كه‌سانی پسپۆر و پیشه‌یی له‌ نه‌وه‌ی نوێ شوێنیان پڕبكه‌نه‌وه‌.

7- سه‌روه‌ریی هه‌رێم، ئه‌ركی حكومه‌ته‌ له‌ هه‌ر وڵاتێك كه‌ سه‌روه‌ریی خاكی نیشتیمان له‌ هه‌موو جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی بپارێزێ، بۆیه‌ حكومه‌تی داهاتوو به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی پێویسته‌ سه‌روه‌ریی خاك و ئاسمانی هه‌رێم بپارێزێ به‌ یاسا و ده‌ستوریش سه‌روه‌ریی هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌سه‌روه‌ریی خاكی عێراق.

8- ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێم، كه‌ شازده‌ ساڵه‌ ئه‌گه‌ر چی ماده‌ی ده‌ستوری و یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا بۆ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی داهاتوو (به‌ده‌ر له‌ ململانێ حزبیه‌كان و ناكۆكییه‌ حزبیه‌كان كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ هه‌یه‌) وه‌ك حكومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان هه‌م گرنگی و خزمه‌تگوزاریی زیاتر به‌م ناوچانه‌ بدات هه‌م له‌ رووی یاسایی هه‌موو توانا و هه‌وڵى خۆی بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بدات.

9- گه‌نده‌ڵی و قۆرغكاریی كه‌ قێزه‌ونترین دیارده‌بووه‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی ناشیرینبوونی حوكمڕانیی هه‌رێم، پێویسته‌ حكومه‌تی داهاتوو به‌كرده‌وه‌ رێوشوێنی هه‌مه‌جۆر بگرێته‌به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ و (دادگای تایبه‌تی خاوه‌ن بڕیار و به‌ ده‌سه‌ڵاتی) بۆ دابمه‌زرێ.

ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌ی ورده‌كاریی زۆر هه‌ڵده‌گرێ وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی گشتی یان هێڵه‌گشتیه‌كانی به‌رنامه‌ و كاری حكومه‌تێكی كوردستانی له‌ داهاتوودا، له‌ هه‌موو وڵاتانیش حزبی ده‌سه‌ڵاتدار یان ئه‌و حزبه‌ی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ پێكهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تدا مه‌رج نیه‌ زۆربه‌ی پۆست و ئه‌ركه‌كان ببه‌خشێته‌ ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی خۆی یان كه‌سانی حزبی تر، حزبی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌رۆكایه‌تی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌كات نه‌ك حزب بێنێته‌ ناو حكومه‌ت. هیوادارم ئه‌م وتاره‌ وه‌ك چۆن نووسراوه‌ واش بخوێنرێته‌وه‌ و هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كى تری بۆ نه‌كرێت و له‌گه‌ڵ ململانێی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان تێكه‌ڵ نه‌كرێت كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ململانێی ئه‌وان بۆ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت نیه‌ به‌ڵكو بۆ پۆست و پایه‌یه‌!



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure