شه‌پۆلێكى به‌فربارین به‌ڕێوه‌یه‌ و زۆرترین به‌فر له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌بارێت

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2019‌ :: 38851‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
بەڕێوەبەری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کەشناسی و بومەلەرزه‌زانى ھەرێم لە قەزای ئامێدی رایده‌گه‌یه‌نێت: لە ناوەڕاستی حەفتەی داھاتوودا شەپۆلێکی بەفربارین سنوری پارێزگای دھۆک دەگرێتەوە و زۆرترین رێژەش لە ناوچە شاخاویەکان و بەتایبەت لە ئامێدی دەبارێت.

ھاشم یەحیا، بەڕێوەبەری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى  کەشناسی بومەلەرزەزانی ھەرێم لە قەزای ئامێدی بە دواڕۆژی راگەیاند :"رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ لەچاو ساڵی رابردوو زۆر زیادیکردووە، تا ٣١ کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لە سنوری ئامێدی ١٥٠ ملم باریبوو، بۆ ئەم ساڵیش تا ئێستا ٦٧٩ ملم باریووە" . 

وتیشی :"بۆ ئەم ساڵ لەبەر بارینی رێژەیەکی زۆری باران مەترسی وشکە ساڵی نامێنێت و سەرچاوەکانی ئاویش وەکو کانیاو و ئەوانیتر زیاددەبن".

بەڕێوەبەری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کەشناسی و بومەلەرزەی ھەرێم ئاماژە بەوەشکرد :"لەچەند رۆژی رابردوودا بەھۆی ئەو شەپۆلە به‌فربارینه‌ى رووى لە ناوچە شاخاویەکان كردووه‌ رێژەیەکی زۆری بەفرباریووە، لە سەنتەری قەزای ئامێدی ٥٦ سم بەفرباریووە، لە ناحیەی کانی ماسێ لە باکوری پارێزگای دھۆک ١٢٢ سم بەفرباریووە".

ئەوەشی خستەڕوو :"پێشبینی دەکرێت لە حەفتەی داھاتوودا شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ناوچەكه‌ بگرێتەوە و زۆرترین رێژەی بەفر لە ئامێدی و دەوروبەری ببارێت".

ھاشم یەحیا رونیشیكرده‌وه‌ :"کاریگەری ئەو شەپۆلە بەفربارینە لە رۆژانەی دوو شەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوامدەبێت، بەتایبەت رۆژی پێنجشەممە بەفرێکی زۆر دەبارێت".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە