چاودێری بازرگانی: هیچ پلانێكمان نیه‌ نرخى گۆشت له‌وه‌ زیاتر كه‌مبكه‌ینه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/01/2019‌ :: 2534‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی ڤێتێرنەری سلێمانی ئاشكرايدەكات دەكات: ئامانجێكی سەرەكی لە هاوردەی ئاژەڵ دابەزینی نرخی گۆشتی سوورە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیش دەڵێت :"هیچ پلانێكمان نیه‌ نرخى گۆشت له‌وه‌ زیاتر كه‌مبكه‌ینه‌وه‌".


رزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند :"بەپێی بڕیاری ژمارەی 2ی ساڵی 2016ی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم هاوردەی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی كە نەخۆشی تێدا نییە و راپۆرتی OIE هەیە كە بەدوورن لە نەخۆشی، ئاژەڵی رێگەپێدراوه‌ بۆ مەبەستی سەربڕین هاوردەدەكرێن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ".

وتیشى :"پێداویستی رۆژانەی شاری سلێمانی 60 تۆن گۆشتی سوورە، مانگانەش هەزار و 800 تۆنە. مانگانە پێویستی بە چوار تا پێنج هەزار سەر رەشەوڵاخە، لەگەڵ نزیكەی 30 هەزار ئاژەڵی وردە، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی و بەرزنەبوونەوەی نرخى گۆشتی سوور و رێگەگرتن لە هاوردەی ئاژەڵی قاچاخ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، رێگە بە هاوردەی ئاژەڵ دەدرێت، ئه‌مه‌ش رێگایه‌كى كاریگەرە بۆ كەمبوونەوەی نرخی گۆشت".

جێگری بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی میكانیزمەكانی هاوردەی ئاژەڵی لەدەرەوە ئاشكراكرد و ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"دەبێت كۆمپانیاكە پسپۆڕ بێت، خانی هەبێت، بیهێنێت بۆ سەربڕین، پاشان لەو وڵاتانە بێت كە لەڤێتێرنەری رێگەیان پێدەدرێت، راپۆرتی OIE هەبێت بەتایبەتی نەبوونی نەخۆشی لەو وڵاتانە و كێشیان لە 200 كیلۆ كەمتر نەبێت".

ئەو بەرپرسەی ڤێتێرنەری سلێمانى روونیشكردەوە :"لەو كاتەوە ئاژەڵ بەبەردەوامی دەهات تا ئەو كاتەی توركیا فڕۆكەخانەكانی داخست، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، هاوردە بەردەوامە، بەتایبەتیش بەپلەی یەكەم لەجۆرجیا و دووەم ئەرمینیا و سێیەم بەڕازیل. ئاژەڵەكانیش گوێرەكە و نۆبەنی قەڵەوكردن بۆ سەربڕین، مریشكی بەڕازیلی".

لەماوەی رابردوودا لەسنووری پارێزگای سلێمانی نرخی گۆشتی سوور بۆ 14 هەزار دینار دابەزی، بەڵام بەرپرسانی بازرگانی رایدەگەیەنن لە پلانیان نییە نرخەكە لەوە كەمتر بكەنەوە.

هاوكات سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند :"نرخی گۆشت لە 14 هەزار دینار جێگیر بووە، هەر فرۆشیارێكیش زیاتر دایبەزێنێت ئاساییە، بەڵام وەكو حكومەت لەو نرخە زیاتر داینابەزێنین".

ناوبراو وتيشى "ئەوە نرخێكی جێگیرە بۆ گۆشتی بەرخ و كاوڕ و خەڵك بەو نرخە راهاتووە و پلانی دابەزینی نرخمان نییە، بەڵام لە هەندێك شوێنی دیكە نرخی مەڕ و بزن بە 10 هەزار دینار دەدرێت و كێشەمان نییە".

سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بەوەشكرد :"لەرابردوودا ئاژەڵ لەزیندە قەپان بۆ كاتی كێشان هەر كیلۆیەكی گۆشتی سوور 400 دیناری زیادكرد و بووە 4 هەزار و 400 دینار، بۆیە ئەگەر نرخی گۆشت بە 14 هەزار دینار بێت باشتر كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بەڵام ئەگەر نرخی كێشان لە زیندە قەپان بەرزتر بێتەوە، ئەو كاتە نرخی گۆشت لە 14 هەزار بەرزتریش دەبێتەوە و كۆنتڕۆڵ ناكرێت".
 
پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure