یەكێتی لەسەر دەستگیر كردنی كادیرەكانی هاتە دەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 03/01/2019‌ :: 5841‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: دەستگیركردنی كادیرانمان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێرەوە، ساردیی لەپەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی دروستدەكات، چونكە ئەو كارانە خزمەت بە یەكڕیزی ناكەن.


نەسروڵا سورچی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: دۆسیەی دەستگیركردنی كادیرەكەی پارتی لە گەرمیان بەوتەی باوكی، كێشەیەكی ناوخۆیی خێزانەكەیانە، بەڵام ئەگەر كادیری یەكێتی كاری نایاساییان كردووە دەبێت بەپێی یاسا و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر بكرێن، چونكە ئەو جۆرە كارانە خزمەت بەیەكڕیزی ناكات كە ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی حكومەتی نوێی هەرێمین.

وتیشی: "كادیرێكمان 72 رۆژە لەشاری دهۆك دەستگیركراوە، ماوەیەك لەمەوبەریش بەرپرسێكی دیكەی سەربازیمان دەستگیركرا، لەكاتێكدا ئێمە بۆمان نییە كادیری پارتی دەستگیربكەین بەبێ فەرمانی دادوەر، بەڵام هەڵكوتانەسەر ماڵان كارێكی شارستانی نییە".

سەبارەت بەوەی دەستگیركردنی كادیرانی یەكێتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێرەوە، ساردیی لەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دروست دەكات، سورچی وتی: "ئەگەر هەموو رۆژێك كادیرمان دەستگیر بكرێت، ساردیی لە پەیوەندییەكان دروستدەكات، بۆیە باشترە لەو جۆرە كارانە دوور بكەوینەوە". 

شەوی رابردوو ئاسایشی هەولێر، كارگێڕی مەڵبەندی سێی یەكێتییان لەو شارە دەستگیركرد، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێریش بە دواڕۆژی راگەیاندبوو: دەستگیركردنی ئەو كادیرە لەبەرامبەر دەستگیركردنی كوڕێكی ئەكبەری حاجی رۆستەمە لە ناوچەی گەرمیان، بۆیە تا ئەو كادیرە ئازاد نەكرێت، كادیرەكەی یەكێتیش ئازاد ناكرێت. 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure