ساڵڕۆژی مەرگی ئەلبێر کامۆ

هەواڵ / که‌لتور :: 04/01/2019‌ :: 291‌ جار بینراوە

ئامادەکردنی تێکۆشەر ئیسماعیل

ئەلبێر کامۆ نووسەر، فەیلەسووف و ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە ٨/١١/١٩١٣ لە دایک بووە، لە ٤/١/١٩٦٠ کۆچی دوایی کردووە.
کامۆ بە یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی سەدەی بیستەم و بە کتێبە بەناوبانگەکانی وەک "بێگانە" و "ئەفسانەی سیزیف" دەناسرێتەوە.


ئەلبێر کامۆ لە مۆندۆڤی وڵاتی جەزائیر لە دایک بووە، بەڵام چونکە باوکی بە ڕەگەز فەڕەنسیی بووە، بە نووسەرێکی فەڕەنسایی ناوی دەرکردووە.

دایک و باوکی کامۆ، لە بنەماڵەیەکی کەمدەرامەتی ئەورووپی بوون، دایکی بە ڕەگەز ئیسپانیایی بووە و بە هۆی ئەو کەمدەرامەتییەشەوە، ڕوویان لە جەزائیر کردووە. هەر بۆیە حەوت مانگ دوای لە دایک بوونی ئەلبێر، باوکی دەنێردرێت بۆ خزمەتی سەربازیی و لە جەنگی یەکەمی جیهانییدا دەکوژرێت.

ژیانی کامۆ، لە ناو جەرگەی هەژاریی و برسیەتیدا بووە، بە منداڵیی لەگەڵ دایک و نەنک و برا و دوو خاڵیدا تەنیا لە سێ ژووردا دەژیان. هەموو ئەمانەیشی لە دوا بەرهەمی تەواونەکراویدا کە ڕۆمانێکە بەناوی "یەکەم مرۆڤ" باس کردووە.

بە گشتیی کاریگەریی ئەو هەژارییە بە ڕووی زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێت، لێکۆڵەران دەڵێن؛ ئەوە شانازییە بۆ کامۆ کە لە تەمەنی منداڵی و لاوێتیشەوە بە تەنیشت هەژارانی جیهانەوە هەنگاوی دەنا، خۆیشی دواتر دەڵێت: "من ئازادییم لە ناو دڵی هەژارییەوە ناسی.".

کامۆ لە پشووەکانی هاویندا بۆ بەدەستهێنانی بژێوی لە دوکانێکدا دەست دەداتە شاگردی، لەگەڵ ئەوەیشدا، هەوڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزیی دەدات و بە زمانی ئیسپانیاییش ئاشنا دەبێت. سەرئەنجام شکست دەهێنێت، بەڵام لە بەرامبەردا ڕوو دەکاتە تۆپی پێ و سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست دەهێنێت.

ئەلبێر کامۆ لە ساڵی ١٩٢٩ بە ناونیشانی گۆڵپارێز لە هەڵبژاردەی زانکۆی ریسینگ RUA"" وەرگیرا.

لە ساڵی ١٩٣٠ دا بڕوانامەی دیبلۆم بەدەست دەهێنێت. لە مانگی ١٢ ـی هەمان ساڵدا تووشی نەخۆشی سیل دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ناچار بوو کە واز لە تۆپی پێ بهێنێت. هەرچەندە تا کۆتایی تەمەنیشی وەکو تەماشاکەرێکی سەرسەختی تۆپی پێ مایەوە.

لە ساڵی ١٩٣٥ ـدا بڕوانامەی زانکۆیی لە فەلسەفەدا بە دەست هێنا، هەر لە هەمان ساڵدا پەیوەندی دەکات بە حزبی کۆمۆنیستیی و دەبێتە بەرپرسی بڵاوکراوەکانی ئەو حزبە لە زانکۆ. ئەو کات جان گرۆنییە بە ڕابەری داهاتووی حزب دەزانێت و نامەیەکی بۆ دەنێرێت، تیایدا دیدی ڕووناکبیرانەی دەربارەی مارکسیزم و بێباوەڕیی خۆی دەخاتە ڕوو.
لە ساڵی ١٩٢٤ دا هاوسەرگیری لەگەڵ سیمۆن هییە، کچە دەوڵەمەند و جوان و ئالوودە بە مۆرفیندا دەکات. بەڵام سەرئەنجام بە هۆی خیانەتی دوولایەنەی هاوسەرگیرییەوە، لەیەک جیا دەبنەوە.


لە مانگی سێی ساڵی ١٩٣٦ تێزی کۆتایی دکتۆراکەی کە توێژینەوە دەربارەی فلۆتین بوو بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات.


هاوسەرگیریی دووەمی کامۆ لە ساڵی ١٩٤٠ و لەگەڵ فرانسیس فۆر بوو، ئەو پیانۆژەن و بیرکاریزان بوو. هەرچەندە کامۆ عاشقی فۆر بوو، بوو بە خاوەنی دوانەیەکیش کە کاترین و جان بوو، بەڵام هەرگیز بە فەرمیی هاوسەرگیریی لەگەڵدا نەکرد.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەنگی دووەمی جیهانییدا، کامۆ بانگێشتی خزمەتی سەربازی کرا، بەڵام بە هۆی نەخۆشیی سیلەوە، وەرنەگیرا و لەو سەردەمەدا بووە سەرنووسەری ڕۆژنامەی "سەردەمی کۆماریی" بوو. لە ساڵی ١٩٤٠ دەزگای سانسۆری و جەزائیر ڕۆژنامەکەی داخست. هەر لەو ساڵەیشدا بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی، دەسەڵاتدارانی جەزائیر داوایان لە کامۆ کرد، وڵات بەجێبهێڵێت، بەو هۆیەوە کامۆ بەرەو پاریس- فەڕەنسا بەڕێ کەوت.


لە ساڵی ١٩٤٢ کامۆ، ڕۆمانی بێگانەی نووسی و کۆمەڵەوتارێکی فەلسەفییشی لەژێر ناوی ئەفسانەی سیزیف بڵاو کردەوە.


شانۆنامەی کالیگۆلایشی لە ساڵی ١٩٤٣ چاپ و بڵاو کردەوە، هەرچەندە لە کۆتایی پەنجاکاندا دووبارە ئەو شانۆنامەیەی نووسییەوە و بڵاوی کردەوە، هەر لەو ساڵەدا کامۆ کتێبێکی بە ناوی نامەگەل بۆ هاوڕێیەکی ئەڵمانی بە شێوەی نهێنیی بە چاپ گەیاند.


پاشان ڕۆمانی تاعوونیشی لە ساڵی ١٩٤٧ نووسی، کە لەو سەردەمەدا بووە پڕفرۆشترین ڕۆمانی کتێبی فەڕەنسا. دواتر مرۆڤکوژانی دادپەروەر لە ساڵی ١٩٤٩ و بەرهەمی فەلسەفیی بە ناوی مرۆڤی یاخی لە ساڵی ١٩٥١ چاپ و بڵاو دەکاتەوە.


کامۆ لە مانگی ٤ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی دەکات. لە گیرفانیشیدا تەنیا بلیتێکی شەمەندەفەری سوود-لێ-وەرنەگیراو دۆزرایەوە.


ئەلبێر کامۆ لە ژیانیدا خاوەنی ٥ ڕۆمان و ٦ شانۆنامە و ٦ کتێبی وتار و فەلسەفە و ٣ بەرگی ژیاننامەی خۆی بووە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure