پارێزگاری سلێمانی لەسەر نرخی بەنزین بە ٤٥٠ دینار ھاتە دەنگ

هەواڵ / ئابوری :: 03/01/2019‌ :: 17117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد
پارێزگاری سلێمانی لەسەر ھەرزانبوونی نرخی به‌نزین کە ببێت بە ٤٥٠ دینار ھاتەدەنگ و رایگه‌یاند: داوامان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان كردووە ئه‌وانه‌ى پاره‌ى كاشیان هەیە ده‌توانن به‌نزین يان نەوت يان گازۆيل به‌ نرخى پشتیوانیكراو وه‌ربگرن.


ھەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ى كانوونى به‌ڕێوه‌چوو وتی: " لەھەموو عێراقدا نرخی به‌نزین ٤٥٠ دینارە بێجگە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی عێراق پشتیوانی دەکات".

وتیشی: "ئێمە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت و جێگرەکانی لەپەیوەندی بەردەوامداین تا لەو بەشەی بەپێی دەستور کە دەبێت سوتەمەنی پشتیوانیکراو بێت، بنێرێت بۆ پارێزگاکانی ھەرێم".

جه‌ختیشیكردوه‌: "ئه‌م گفتوگۆ و نوسراوانەمان بەردەوامە تا باوەڕیان پێبێنین وەک ھەموو شارەکانی تری عێراق ھەمان بڕی سوتەمەنی بەنرخی پشتیوانیکراو بنێرن بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی".

راشیگەیاند "وەک حکومەت ھاتوین منافەسەی کەرتی تایبەتمانکردوە، چونکە لەگەڵ عێراقدا ئێمە نرخی پشتیوانیکراومان ھەیە لە سوتەمەنی بۆ دامودەزگای دەوڵەت ئێمە بەھەموو فەرمانگەکانمان وتووە ئەوەی کەپارەی نەختینەی هه‌یه‌ دەتوانێت داوا لە پارێزگا بکات نەوت یان گاز یان به‌نزین بەنرخی پشتیوانیکراو وەربگرێت،  به‌مەش وامانکردووە مونافەسەی کەرتی تایبەت بکەین".

 پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure