بۆ یه‌كه‌مجار فۆڕمێك به‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم پڕده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/01/2019‌ :: 22960‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بۆ یه‌كه‌مجار له‌هه‌رێم فۆڕمێكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم به‌سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم پڕده‌كرێته‌وه‌و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "ئه‌و فۆڕمه‌ بۆ یه‌كجار له‌لایه‌ن وەزارەتەکانی حکومەتی هه‌رێم پڕده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌داهاتوودا پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمه‌كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێم".


بۆ رێگرى له‌ به‌هه‌ده‌ردانى موڵكى گشتى و رێگرى له‌ گه‌نده‌ڵى له‌فه‌رمانگه‌كانى هه‌رێم، ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجار فۆڕمی رێنمایى كه‌رتى گشتى له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم پڕده‌كرێته‌وه‌.

 له‌باره‌ى پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمه‌كه‌، حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى رێنمایى ره‌فتارى وه‌زیفى كه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوكه‌وت و ئاكارى تێدایه‌ و ده‌بێت فه‌رمانبه‌ران ئه‌نجامی بده‌ن، هه‌روه‌ها بۆ رێگرى له‌ گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردانى موڵكى گشتى فۆڕمه‌كه‌ پڕده‌كرێته‌وه‌.

وتیشى: "ئه‌نجامدانى ئاكارى وه‌زیفى و رێگرى له‌ به‌هه‌ده‌ردانى موڵك و ماڵى ده‌وڵه‌ت، به‌شێكه‌ له‌ رێككه‌وتنى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌رچووه‌و عێراق ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم فۆڕمه‌كه‌ واژۆ بكه‌ن و له‌ دۆسیه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش هه‌ڵبگرێت".

حاكم ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: كه‌ ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و فۆڕمه‌ له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانەوە پڕده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌كاتى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانى نوێ، پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمه‌كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كان.

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure