پارێزەرە خۆبەخشەكانی دۆسیەی سێوان قادر دەستبەكاربوون

هەواڵ / کوردستان :: 03/01/2019‌ :: 901‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پارێزەرە خۆبەخشەكانی دۆسیەی (سێوان قادر) ئەو ژنەی لە رووداوێكدا لەگەڵ سێ منداڵەكەی له‌ چه‌مچه‌ماڵ سووتان، لەلایەن خانەوادەی سێوانەوە بریكارنامەیان بۆ كراوەتەوە و دەستبەكاربوون.


شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەری خۆبەخش لەو دۆسیەیه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: لەلایەن خانەوادەی (سێوان قادر)ەوە بریكارنامە بۆ پارێزەرەكان كراوەتەوە و نزیكەی شەش بۆ حەوت پارێزەر كار لەدۆسیەكەدا دەكەن، چونكە ناكرێت هەموو پارێزەرەكان كاری تێدا بكەن.

بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو وردەكاری زیاتر لەبارەی دۆسیەكە ئاشكرابكات.

شەوی 16ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 لە ماڵێكی قەزای چەمچەماڵ ئاگركەوتەوە و بەهۆیەوە (سێوان قادر) و سێ منداڵه‌كه‌ی سووتان، لە سەرەتای رووداوەكە سێ منداڵەكە گیانیان لەدەستدا، دایكیشیان دوای هەفتەیەك مانەوە لەنەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

لە كاتی ئیفادەی سێوان لە نەخۆشخانە هاوسەرەكەی بە سووتاندنیان تۆمەتباركرد و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، بەڵام هەفتەی رابردوو نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هاوسەرەكەی سێوان دانی بەو تاوانەدا نەناوە،

ئێوارەی چوارشەممەی رابردووش ژنێكی دیكە لە قەزای چەمچەماڵ لەسەر دۆسیەكە دەستگیركرا. 

ئەو رووداوە دەنگدانەوەی گەورەی لە كوردستان لێكەوتەوە، هەفتەی رابردووش زیاتر لە 50 پارێزەر لە سلێمانی ئامادەیی خۆیان دەربڕی كە بەخۆبەخش كار لەدۆسیەكەدا بكەن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure