سیناریۆكانى پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ سوریا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 03/01/2019‌ :: 296‌ جار بینراوە
بورهان شێخ ڕه‌ئوف

بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سیناریۆكان زۆرن له‌ پاش بڕیاره‌ كتوپڕ و بێ لێكدانه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ باكورى سوریا كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌سه‌، ره‌نگدانه‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ى زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و لێده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ئاینده‌دا له‌ كاره‌كته‌ره‌كانى سه‌ر شانۆى رووداوه‌كانى سوریا چ ناوخۆیى و چ ده‌ره‌كى، هه‌ر له‌ كورده‌كانى سوریاوه‌ بگره‌ تا شام و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران و مۆسكۆش.

ئه‌وه‌ى مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌ له‌ پاش كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا پێده‌چێت كورد بێت، هه‌رچه‌نده‌ كورد كه‌ سه‌ره‌تا شۆڕشیان ده‌ستپێكرد پشتئه‌ستوور بوون به‌ توانا و خواستى خۆیان و مۆڵه‌تیان له‌ كه‌س وه‌رنه‌گرت بۆ ئه‌و  بزاڤه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى گونجاو بوو بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ى تێیدا ده‌ژیان هه‌ر له‌ پێنه‌دانى ره‌گه‌زنامه‌ى سوری بۆ  توێژێكى زۆر له‌ كوردى نیشته‌جێى ئه‌و وڵاته‌ و نكووڵیكردن له‌ مافه‌كانیان هه‌ر له‌ خوێندن به‌ زمانى دایك تا ده‌گاته‌ مافى كلتوورى و سیاسى, به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى رووداوه‌كانى شۆڕشى سوریا و سه‌رهه‌ڵدانى ره‌وت و تاقمى تیرۆریستى جۆراوجۆر له‌وانه‌ داعش و ده‌ستوه‌ردانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و زلهێزانى جیهان  ئه‌مریكا و روسیا له‌ سوریا, كورده‌كانى سوریا كه‌وتنه‌ خانه‌ى ئه‌مریكا و هێزه‌كانیان واته‌ (هه‌سه‌ده‌) بووه‌ به‌شێكى گرنگ و دیارى شه‌ڕى دژى تیرۆر و سه‌رنجى هه‌موو وڵاتانى په‌یوه‌ست به‌و شه‌ڕه‌ى  بۆ خۆى راكێشا.

بۆیه‌ ئێستا له‌ دواى بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆك تره‌مپ له‌ 19/12/2018 به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ سوریا مه‌ترسى گه‌وره‌ و راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر هێزه‌كانى كورده‌ له‌ باكورى سوریا به‌و پێیه‌ى بڕبڕه‌ى پشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتن (هه‌سه‌ده‌) كه‌ توركیا به‌ درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانیان ده‌زانێت و ئه‌وانیش به‌ هێزى تیرۆریست ناوه‌زه‌د ده‌كات و جیاوازیى نابینێت له‌ نێوان ئه‌وان و داعشدا به‌ تایبه‌تى هه‌ر له‌ساڵى 2018 دا كانتۆنى عه‌فرین-یان داگیركرد ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ى ئاگراوى توند و تۆڵه‌ئامێزیان لێده‌كه‌ن و به‌ تایبه‌تى لێدوانه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى خلوسى ئاكار وه‌زیرى به‌رگریى توركیا له‌ هه‌سه‌ده‌ كه‌ وتى سه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ین به‌ گۆڕ بۆیان به‌ پێشچاوى هه‌موو جیهانه‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆكردنه‌وه‌ى هێزى سه‌ربازیى له‌ سه‌رسنووره‌كانى سوریا به‌تایبه‌تى نزیك له‌ شارۆچكه‌ى مه‌نبج و هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رده‌وام له‌ كورد ئاماژه‌ى ترسناكن بۆ سه‌ر ئاینده‌ى كورد له‌ سوریا و هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا وه‌كو داگیرسانى گڵۆپى سه‌وزى ئه‌مریكایه‌ بۆ توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ كورده‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان به‌ تایبه‌تى (په‌یه‌ده‌)هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى شۆڕشى سوریا و كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى رژێم له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ئیداره‌ى خۆسه‌رییان راگه‌یاند و جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ شامدا هه‌بوو، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردان و هاتنه‌ناوه‌وى ئه‌مریكیه‌كان بارودۆخه‌كه‌ى بۆ ئاڵۆزتركردن و كشانه‌وه‌ى ئێشتاشیان ئه‌مانى خستۆته‌ به‌ر چاره‌نووسێكى ره‌شه‌وه‌ یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د رێكبكه‌ون كه‌ پێشتر دوو هه‌ڵبژارده‌ى خستبوونه‌ به‌رده‌ست ئه‌ویش گفتوگۆ و دیالۆگ یان یه‌كلاكردنه‌وه‌ى سه‌ربازیى كه‌ ئه‌مه‌یان پێده‌چێت گونجاوترین رێگا بێت به‌ وتوێژ و دانوسان بگه‌نه‌ چاره‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ كوردیه‌كان، چونكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سوپاى توركیایه‌ كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كان خۆى مه‌ڵاسداوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ رۆڵى كوردى زۆر لاواز كرد سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نزیكه‌ى 30%ى خاكى سوریایان له‌ بنده‌سته‌ تائێستا به‌سه‌رچاوه‌كانى نه‌وت و وزه‌ و ئاویشه‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ى تره‌مپ رێخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێران ببێته‌ خاوه‌نى رێڕه‌وێك بۆ سه‌ر ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست ئه‌و ئامانجه‌یان به‌دى بێت كه‌ ساڵانێكه‌ خه‌ونى پێوه‌ده‌بینن و ئه‌مریكیه‌كان رێگر بوون، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ پێده‌چێت توركیا و رژێمى سوریا ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ بنده‌ستى كوردان له‌ نێوان خۆیاندا به‌شبكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك شاره‌كانى ره‌قه‌ و دێرزۆر كه‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌وت و وزه‌ن بۆ  رژێمى سوریا و ناوچه‌ سنووریه‌كانیش بۆ توركیا.
چاره‌نووسى تاقم و گروهه‌كانى ئۆپۆزیسیۆنى سوریا كه‌ مه‌به‌ست ئه‌و تاقم و گروپانه‌یه‌ له‌ ئیدلب-ن و له‌ژێر هه‌ژموونى توركیادان، ئه‌مه‌ش پێده‌چێت به‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ كۆتایى پێبێت و هێزه‌كانى سوریا بچنه‌وه‌ ئیدلب به‌رامبه‌ر پێشڕه‌ویى هێزه‌كانى توركیا و گروهه‌ وابه‌سته‌كانیان له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كاندا.

هه‌رچه‌نده‌ تره‌مپ وتى داعشمان ته‌واو كرد و كۆتاییمان پێهێناوه‌، به‌ڵام تا ئێستاش له‌ شه‌ڕێكى سه‌ختدان له‌ ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى سوریا له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ بۆیه‌ دوور نییه‌ به‌م بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا سه‌رله‌نوێ خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ و په‌لامارى تر بدنه‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌كاتێكدا هه‌سه‌ده‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر سوپاى توركیا په‌لامارى ناوچه‌كانیان بده‌ن ئه‌وا ئه‌مان له‌ شه‌ڕى داعش ده‌كشێنه‌وه‌ و به‌ره‌ڤانى له‌ ناوچه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure