مه‌ترسییه‌كى پاكنه‌كردنه‌وه‌ى تانكى خوێندنگاكان له‌سه‌ر خوێندكاران ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/01/2019‌ :: 596‌ جار بینراوە
"دوو مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌ندروستى منداڵ دروستده‌كات"

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌گه‌رچى به‌پێى رێنماییه‌ پزیشكییه‌كان پێویسته‌ ساڵانه‌ لانیكه‌م دووجار تانكى ئاوى خوێندنگاكان پاكبكرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌یاندا تانكییه‌كانیان پاكناكرێته‌وه‌ و پزیشكێكیش ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى سێ تاوه‌كو شه‌ش مانگ جارێك پاكنه‌كرێته‌وه‌ "ئه‌وا خوێندكاران تووشى شێرپه‌نجه‌ ده‌بن".


له‌ هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى تانكى ئاوى خوێندنگاكانى هه‌ولێر، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند رێكخراوێكى ژینگه‌پارێزى و شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، باڵنده‌ى مرداربوو و لایلۆن و به‌رد و كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌لى دیكه‌یان تیادا ده‌رهێندراوه‌.

ئاسۆ شكاك، به‌رپرسى رێكخراوى ئاڤیارى ژینگه‌یى، كه‌ سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى تانكى ئاوى خوێندنگاكانى كردووه‌، به‌ دواڕۆژى وت: "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شاره‌وانى و ژینگه‌پارێز و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزار ئه‌نجامدرا و تانكى به‌شێك له‌ خوێندنگاكانى هه‌ولێر پاككرایه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تانكى هه‌ندێك خوێندنگا بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ و سێ ساڵ بوو، پاكنه‌كرابووه‌وه‌ و هه‌ندێك خوێندنگاى دیكه‌ش له‌وه‌ته‌ى دروستكراوه‌ تانكییه‌كه‌ى پاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌".

وتیشى: "تانكی خوێندنگاكان زۆر پیسبوون، له‌ هه‌ندێك تانكى باڵنده‌ى مرداربوو، بلۆك و به‌رد و ده‌به‌ى ئاو و لایلۆن و كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌لى دیكه‌ى تیابوون، ئه‌مه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌ندروستى خوێندكاران دروستده‌كات، ئه‌گه‌ر زوو زوو تانكییه‌كان و شوێنى ئاو خواردنه‌وه‌ى خوێندكاران پاكنه‌كرێته‌وه‌".

ئه‌و مه‌ترسییه‌ پێشتر له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ باوانى خوێندكارانه‌وه‌ هه‌ستى پێكراوه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ كه‌سوكارى خوێندكاران رێگه‌ به‌ منداڵه‌كانیان ناده‌ن له‌ خوێندنگا ئاو بخۆنه‌وه‌.

شه‌رمین جه‌بار، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ خوێندنگاكانى هه‌ولێر مامۆستایه‌، به‌ دواڕۆژى وت: "تانكى خوێندنگاكه‌مان ماوه‌ى دوو ساڵه‌ پاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و مه‌ترسى هه‌یه‌ تووشى نه‌خۆشیت بكات، بۆیه‌ رۆژانه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆم ده‌بم و رێگه‌ش ناده‌م منداڵه‌كانیشم ئاوى خوێندنگه‌كه‌ بخۆنه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى پیسى تانكییه‌كان له‌سه‌ر خوێندكاران پزیشكێكى پسپۆڕ رونیده‌كاته‌وه‌ و به‌ "زۆر گه‌وره‌" ناویده‌بات و هۆكاره‌كه‌شى ئاشكراده‌كات.

دكتۆر سه‌نگه‌ر جاف، پسپۆڕى ته‌ندروستى گشتى رایگه‌یاند: پاكنه‌كردنه‌وه‌ى تانكى خوێندنگاكان مه‌ترسى زۆر گه‌وره‌ى هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تانكى خوێندنگاكان له‌ماوه‌ى سێ تاوه‌كو شه‌ش مانگ جارێك پاكنه‌كرێته‌وه‌، ئه‌وا پێكهاته‌ و سروشتى ئاوه‌كه‌ ده‌گۆڕێت و ناوه‌وه‌ى تانكییه‌كان قه‌وزه‌ دروستده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دوو مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌ندروستى منداڵ دروستده‌كات، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ پیسبوونى ئاوه‌كه‌ به‌شێك له‌ تانكییه‌كان ژه‌نگ لێیداون.

وتیشى: "یه‌كه‌میان؛ منداڵ تووشى سكچوون و رشانه‌وه‌ و نه‌خۆشییه‌كانى پێست ده‌كات. دووه‌میان؛ منداڵ تووشى شێرپه‌نجه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ شێرپه‌نجه‌ هیچ ماوه‌یه‌كى دیاریكراوى نییه‌، به‌ڵام كاتێك پێكهاته‌ى ژه‌هراویی ده‌چێته‌ له‌شى منداڵ و به‌هۆى ئه‌وه‌ى منداڵان گه‌شه‌یان خێرایه‌، بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ى زۆر زیاتر ده‌بێت و زووتر نیشانه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت".

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌ پیسى تانكى خوێندنگاكان، ئه‌و پلاستیكانه‌ى بۆ گه‌یاندنى ئاو بۆ تانكییه‌كان به‌كارهاتوون له‌گه‌ڵ به‌لوعه‌ى ئاو و شوێنى ئاوخواردنه‌وه‌ى خوێندنگاكان ئه‌وانه‌ هه‌مووى پیسبوون، بۆیه‌ به‌بێ پاكنه‌كردنه‌وه‌یان و دانه‌خستنى سه‌رى تانكییه‌كان، نابێت ئاو له‌و خوێندنگایانه‌ بخورێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ ئه‌و پرسه‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌مى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خوێندنگاكان ناوده‌بات و ده‌ڵێت: پاككردنه‌وه‌یان هیچ بودجه‌یه‌كى ناوێت.

به‌شدار عه‌بدولخالق، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى ساڵى خوێندن له‌ڕێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌كان و رێكخراوه‌كانى ژینگه‌ و شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى تانكى خوێندنگاكان ده‌ستپێده‌كه‌ین، ئه‌مساڵیش به‌هاوكارى چه‌ند رێكخراوێكى ژینگه‌پارێز و شاره‌وانى و كۆمپانیاكانى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك، تانكى نزیكه‌ى 80%ى خوێندنگاكان پاككراوه‌ته‌وه‌. 

وتیشى: "پاككردنه‌وه‌ى تانكى خوێندنگاكان هیچ بودجه‌یه‌كى ناوێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنگاكان ساڵانه‌ پاكبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پاكنه‌كرێته‌وه‌ ئه‌وا كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر ته‌ندروستى خوێندكاران ده‌بێت و هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكییش تانكییه‌كانى خوێندنگاكه‌ى پاكنه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا به‌رپرسیار ده‌بێت".

ئه‌گه‌رچى شاره‌زایانى پزیشكى و به‌رپرسانى كه‌رتى په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى پیسى ته‌نكى خوێندنگاكان كۆكن، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌مى له‌و بواره‌دا به‌دیده‌كرێت و ئه‌مه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستى خوێندكاران دروستده‌كات كه‌ ناكرێت پشتگوێبخرێن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە