فراكسیۆنى پارتى داوایه‌ك ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 02/01/2019‌ :: 227‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
فراكسیۆنى پارتى داوا له‌ هه‌رسێ لایه‌نى براوه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات له‌ هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستپێبكه‌ن.


هێمن هه‌ورامى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ى كانونى دووه‌مى 2019 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنه‌كه‌یان داواده‌كه‌ن په‌له‌بكرێت له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێم.

وتیشى: "57 رۆژه‌ په‌رله‌مانتاران سوێندى یاساییان خواردووه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك دیارنییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ خه‌ڵكى بێ هیوا كردووه‌ و داواشده‌كه‌ین به‌بێ هیچ بیانوێك زوو كابینه‌ى نۆیه‌م پێكبهێندریت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كارابكرێته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌ گیانێكى برایانه‌ كاربكه‌ن و مه‌له‌فى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تێكه‌ڵ به‌ پرسى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌كرێت و داواش له‌ براوه‌كانى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م ده‌كه‌ین كه‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ستبكه‌ن به‌ گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان.

روونیشیكرده‌وه‌: پرسى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى خورماتوو و شوێنه‌كانى تر به‌ تایبه‌ت چاره‌سه‌ر بكرێت و گه‌ر بابه‌ته‌كان تێكه‌ڵ بكرێن خزمه‌ت به‌ پارێزگاى كه‌ركوك ناكات و له‌به‌رده‌م ئیستیحقاقى ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ خاوه‌نى ده‌ستوورى خۆى نه‌ك ململانێى حزبه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ راى پارتیش وتى: "تا ئه‌وساته‌ش پارتى راى وایه‌ كه‌ یه‌كێتى هاوبه‌شى پارتییه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و گۆڕانیش به‌شێكه‌ له‌و پرسانه‌و تاوه‌كو ئێستاش هیچ نیه‌تێكى رێگریكردن له‌لایه‌ن یه‌كێتى و گۆڕان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌بووه‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure