ڕێنمایی و بڕیاره‌ نوێیه‌كان له‌باره‌ی پرسی ده‌رمان ده‌خرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردن

هەواڵ / کوردستان :: 02/01/2019‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرایده‌كات: لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارو رێنماییانەی‌ له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوو لەلایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌رچوون.


له‌ماوه‌ی 3 مانگی كۆتایی ساڵی 2018، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  چوار نوسراوی جیاوازی به‌ ژماره‌كانی ( 5302) و (5303) و ( 5304) و( 5305)، له‌باره‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ( كۆمپانیاكانی بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگه‌یی، ساخته‌كردن و كۆپی ده‌رمان و به‌رهه‌مە پزیشكییه‌كان، قه‌ده‌غه‌كردنی رێككه‌وتن له‌نێوان پزیشك و ده‌رمانسازو كۆمپانیاكانی ده‌رمان، مۆڵه‌تی ده‌رمانخانه‌ و كۆگا و كارگه‌ی ده‌رمان و خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستییه‌كان) ده‌ركرد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕیارو ڕێنماییه‌ نوێكانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی كه‌رتی ده‌رمان.

خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ باره‌ی كه‌رتی ده‌رمان وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌ماهه‌نگیمان ده‌ستپێكردووه‌ و لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی قایمقامیەتیه‌كان نوێنه‌ری لیژنه‌كان دانراون و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

ئاشكراشیكرد: چاوه‌ڕێن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر كاره‌كانی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی بۆ ده‌رمان بدات، تاوه‌كو بتوانن كاره‌كانی كڕین و دابه‌شكردنی ده‌رمان به‌ پێوه‌رێكی ستاندار ده‌بێت.

ڕوونیشیكرده‌وه‌: تاوه‌كو دامه‌زراندنی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هیچ كۆمپانیایه‌كی نوێی بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی تۆمارناكرێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ ده‌توانن مۆڵه‌ته‌كه‌ نوێبكه‌نه‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە