2019 ساڵی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت لە هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2019‌ :: 1030‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات: لەمساڵدا كاركردن لە تەواوكردن و جێبەجێكردنی نزیكەی 20 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەستپێدەكەنەوە.
 
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند :"جیاواز لەساڵی رابردوو لەمساڵدا پلانمان داڕشتووە كە بەدەر لەو پڕۆژانەی ئێستا كاركردن تیایاندا دەستیپێكردووەتەوە چەندین پڕۆژەی دیكەش بخەینەوە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات ئەو پڕۆژانەشی كە ئێستا كاركردن تیایاندا بەردەوامە، بریتین لە تەواوكردنی بینای سەرۆكایەتی زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكانی كوڕان و كچان کە ئەم پرۆژانەش سەرۆكایەتی زانكۆ سەرپەرشتییان دەكات".
 
ئاماژەی بەوەشكرد :"هەریەكە لە پڕۆژەكانی (رێگای هەڵەبجە -  سیدسادق، كۆمەڵگەی دارایی، ڕێگاسازی زانكۆ، خزمەتگوزاری 73 یەكەی نیشتەجێبوون، قیرتاوكردن و شۆستەی نزیك قوتابخانەی سازان، قوتابخانەی 18 پۆلی نزیك بامۆك، قوتابخانەی 18 پۆلی پشتی گەڕەكی دەروازە، راكێشانی كارەبای گوندی دەرەشیشی خواروو چەند گوندێكی تر)، لەمساڵدا كاركردن تیایاندا دەستپێدەكەنەوە".
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو :"پڕۆژەكانی ئاوەڕۆی سندوقی چەند گەڕەكێكی ناحییەی خورماڵ، ڕێگاسازی گەڕەكی ڕاپەڕین و 50 خانووی ناحیەی سیروان،  بینای فەرمانگەی دادنووس، هۆبەی ئاودێری هەڵەبجە، گەیاندنی تۆڕی ئاو لە خانووەكانی گۆران سیتی، جۆگەی ئاودێری بێڵەخا، بەشی ناوخۆیی كۆلێژی تەكنیكی و گەراجی ئامێری شارەوانی، كاركردن تیایاندا دەستیان پێكردوەتەوە. هاوكات سەرجەم پڕۆژە وەستاوەكان كە دەستیان پێكردۆتەوە، لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان تەواودەكرێن".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure