بریتانیا سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی كوشتنی خاشقچی به‌نهێنی چه‌كیان داوه‌ته‌ سعودیه‌

هەواڵ / جیهان :: 02/01/2019‌ :: 201‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنتی بریتانی ئاشكرای كرد: حكومه‌تی بریتانی له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌ نهێنی چه‌كی داوه‌ته‌ سعودیه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوشتنی جه‌مال خاشقچیدا ئیدانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كردبوو.


ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی بازرگانی بریتانیا له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌گه‌ڵ هاوتا سعودییه‌كانیان به‌ نهێنی له‌باره‌ى پێدانی ئه‌و چه‌كانه‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌: شاندێكی رێكخراوی به‌رگری و ئاسایش له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی بریتانیا كه‌ به‌رپرسن له‌ هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، به‌و مه‌به‌سته‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی چوونه‌ته‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌.

رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنت ئه‌وه‌شی رونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جێرمی هانت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ نێو په‌رله‌ماندا به‌ توندترین زمان ئیدانه‌ی كوشتنی جه‌مال خاشقچی كردووه‌.

هانت وتوویه‌تی: "تاوتوێی كوشتنی خاشقچی ده‌كه‌ین و  ئه‌و چیرۆكه‌ ترسناكانه‌ی له‌ كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسدا باسده‌كرێن راستین، بۆیه‌ به‌ جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاروابوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانیدا ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كانی له‌باره‌ى فرۆشتنی چه‌ك به‌ سعودیه‌ ئاشكرا نه‌كرد.

رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌: كه‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شەڕ له‌ یه‌مه‌ن، بریتانیا به‌ بڕی نزیكه‌ى 6 ملیار دۆلار چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی فرۆشتووه‌ته‌ سعودیه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure