ئه‌و دیارده‌ فه‌له‌كییانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ساڵی 2019دا رووبده‌ن

هەواڵ / زانست :: 02/01/2019‌ :: 2585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌پێی داتا و ئه‌ژماره‌ ورده‌ زانستیه‌كانی بواری فه‌له‌كی، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ساڵی 2019 دا (5) دیارده‌ی گه‌ردوونى له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا رووبده‌ن كه‌ بریتین له‌ (2 مانگگیران و 3 خۆرگیران):

6/1/2019 خۆرگیرانی نیمچه‌یی:
ئه‌م خۆرگیرانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و باكوری زه‌ریای هێمن و باكوری رۆژهه‌ڵاتی روسیا رووده‌دات. له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌دی ناكریت. 

21/1/2019 مانگگیرانى ته‌واو:
ئه‌م مانگگیرانه‌ له‌ ئه‌مریكای باكور و باشور و رۆژهه‌ڵاتی زه‌ریای هیمن و رۆژئاوای ئه‌وروپا و رۆژئاوای ئه‌فریقا به‌دی ده‌كرێت. له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌واو به‌دی ده‌كرێت، كاتژمێر 5.36 به‌یانی ده‌ستپێده‌كات و پاشان خۆرهه‌ڵدێت.

2/7/2019خۆرگیرانی ته‌واو:
ئه‌م خۆرگیرانه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ زه‌ریای هێمن و باكور و ناوه‌ڕاستی چیـللی و ئه‌رجه‌نتین رووده‌دات، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌ی نیمچه‌خۆرگیران له‌ وڵاتانی رۆژئاوای ئه‌مریكای باشور و ناوچه‌ی باشوری زه‌ریای هێمن به‌دی ده‌كریت. له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌دی ناكرێت.

16/7/2019 مانگگیرانى نیمچه‌یی:
ئه‌م مانگگیرانه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌فریقا و ئاسیای ناوه‌ڕاست و زه‌ریای هندی روودات. له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ده‌توانرێت به‌دی بكریت. له‌ كاتژمێر 9.47 سه‌ره‌تای مانگگیرانه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و پاشان كاتژمێر 11.13 شه‌و به‌چاوی ئاسایی به‌دی ده‌كرێت. كاتژمێر 1.30 به‌یانی ده‌گاته‌ به‌رزترین ئاست كه‌ 75% ده‌بیت و كاتژمێر 2.30 كۆتایی دێت.

11/11/2019 تیپه‌ڕبوونی عەتارد به‌ به‌رده‌م خۆر-دا:
ئه‌م دیارده‌ ناوازه‌یه‌ له‌ هه‌ر سه‌ده‌یه‌ك 13 جار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. له‌ 2006 روویدا و له‌ 9/5/2016 روویدا و له‌ كوردستانیش به‌دیكرا. وا پێشبینی ده‌كرێت تا 13/11/2032 دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

ئه‌مساڵ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكای باكور و مه‌كسیك و ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا ده‌گرێته‌وه‌. باشترین شوێنگه‌ی تێپه‌ڕبوونیش ناوه‌ڕاست و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌. له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كاتژمێر 3.35 دوای نیوه‌ڕۆ عوتارد ده‌چێته‌ به‌رده‌م خۆر له‌ باكوری خۆر تا خۆرئاوابوون به‌دی ده‌كرێت وه‌ك خاڵێكی بچووك ده‌توانرێت به‌ ته‌لیسكۆب به‌دی بكرێت به‌ به‌كارهینانی فلته‌ری تایبه‌تی خۆر.

26/12/2019 خۆرگیرانی ئه‌ڵقه‌یی:
ئه‌م خۆرگیرانه‌ له‌ وڵاتی سعودیه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ره‌و باشوری هیندستان و باكوری سریلانكا و زه‌ریای هیند و ئیندۆنیزیا و زه‌ریای هێمن كۆتایی دێت. له‌ ئاسیا و باكوری ئوسترالیا به‌شێوه‌ی نیمچه‌یی به‌دی ده‌كریت. له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌توانرێت به‌دی بكرێت. له‌كاتژمێر 7.17ى به‌یانی، ئه‌و كاته‌ی خۆرهه‌ڵدێت، خۆرگیران به‌ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 29،2% روویداوه‌، كاتژمێر 7.50 كۆتایی خۆرگیرانه‌كه‌یه‌.

كه‌واته‌ له‌ ساڵی 2019دا پێنج دیارده‌ی گه‌ردوونی و فه‌له‌كی رووده‌ده‌ن كه‌ دوو مانگگیران و سێ خۆرگیرانه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستان 2 مانگگیران و 1 خۆرگیران به‌دی ده‌كرێت. 

واچاوەڕوان ده‌كرێت له‌ساڵی 2020 شه‌ش 6 دیارده‌ی فه‌له‌كی له‌ جیهاندا رووبده‌ن كه‌ 4 مانگگیران و 2 خۆرگیران-ن. له‌ هه‌رێمی كوردستانیش 1 مانگگیران و 1 خۆرگیران به‌دی ده‌كرێت.

هه‌رێم عومه‌ر كاكل/ رێكخراوی فه‌له‌كناسی كوردستان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure