حیزبە تازەكەی كوردستان چاوەڕێی مۆڵه‌تى وەزارەتی ناوخۆیە

هەواڵ / کوردستان :: 01/01/2019‌ :: 2469‌ جار بینراوە
لۆگۆى (هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى)

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
هاوپەیمانی نیشتمانی چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتە لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێستاش سەرقاڵی دامەزراندنی ئۆفیسی تایبەت بە خۆیانن.


عوسمان گوڵپی، وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 1ى كانونى دووه‌مى 2019 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوەی نزیكەی مانگێكە داواكارییان پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، لەم یه‌ك دوو رۆژه‌شدا ماوەی یاسایی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەكەیان كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێیان راگەیاندوون كەوا كێشەی یاساییان نییە و ئه‌وانیش چاوەڕێی وەڵامی وەزارەته‌كه‌ن.

گوڵپى ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد كه‌ سەرقاڵی دامەزراندنی ئۆفیسی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام لە هیچ شوێنێك بە فەرمی بارەگایان نەكردۆتەوە.

سەرەتای ساڵی رابردوو دوای وازهێنانی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) راگەیاند، بەڵام پێش هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2017ی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بگەڕێتەوە نێو یەكێتی، دواتر دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی لە كۆبوونەوەیەكی گشتی لە هەولێر ناوی حیزبەكەیان بۆ (هاوپەیمانی نیشتمانی) گۆڕی و ئارام قادر وەكو سەرۆكی حیزبەكە هەڵبژێردرا. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure