هۆکاری وەستانی پڕۆژه‌ى بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی بانکەکان ئاشکراده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 01/01/2019‌ :: 577‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنۆلۆجیای بانكه‌كان رایدەگەیەنێت: سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی بانکەکان یەکێکە لە هەرە پرۆژە گرنگەکانی حکومەت و تائیستا وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م پێنج بانكی هەولێر خراونەتە سەرسیستمەکە، بەڵام بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکە شه‌ش مانگە سەرجەم کارەکان وەستاون.


مسته‌فا سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنۆلۆجیای بانكه‌كان له‌ هه‌ولێر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 1ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: سیستەمی ئەلیکترۆنی بانکەکان باشترین و خێراترین سیستەمە هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ هاوڵاتیان و لە سەرانسەری هەرێم هاوڵاتیان دەتوانن پارەکانیان ئاڵوگۆربکەن و وەریبگرن و جگە لەوەی کارەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت، بەڵام ئێستا سیستمەکە وەستاوە و کاری تیادا ناکرێت.

وتیشی: "لە هەولێر وەک قۆناغی یەکەم پێنج بانك لە سەنتەری هەولێر بە سیستمی ئەلیکترۆنی کراون و ئەگەر سەرجەم بانکەکان کرابوایەوە و کۆمپانیاکە کارەکانی نەوەستایە ئێستا ژمارە حیسابی ئەلیکترۆنی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەکرا".

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو کۆمپانیایەی کار بە سیستەمکردنەکە دەکات  گرێبەستەکەی کۆتایی هاتووە،  وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتی هەرێمیش تائێستا زیاتر لە ٦ مانگە نوێی نەکردۆتەوە، بۆیە سەرجەم کارەکانی بە سیستەمکردنی بانکەکان و کردنەوەی ژمارە حیسابی فەرمانبەران وەستاوە.

له‌ پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ۲٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی، یەکێک لە ماددەکانی حکومەت پابەند دەکات بە کردنەوەی ژمارە حیسابی ئەلکترۆنی بۆ سەرجەم فەرمانبەران بۆ وەرگرتنەوەی پاشەکەوتەکانیان.

پ: س. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure