ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌.. له‌ كڕیارییه‌وە بۆ دوكاندارى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/01/2019‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌راورد به‌چه‌ند ساڵى ڕابردوو, له‌ ئێستادا له‌ناو دوكان و بازاڕ و قه‌یسه‌رییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌دا ژماره‌یه‌كى زۆر كچ و ژن دبینرێن كه‌ خۆیان به‌ پیشه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ و  دوكاندارى ده‌كه‌ن، به‌ وته‌ى خۆشیان سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ى ده‌یكه‌ن به‌مافێكى سروشتى خۆیانى ده‌زانن له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌وڵێكه‌ بۆئه‌وه‌ى ببنه‌ خاوه‌ن ئابورى سه‌ربه‌خۆ و پشت به‌خۆیان ببه‌ستن له‌ ده‌ستخستنى داهاتدا.


ئه‌و ژنانه‌ى دوكاندارى ده‌كه‌ن زیاتر رwویان له‌و پیشه‌ و كارانه‌ كردوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خودى ژنانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌سه‌رەتایه‌ك ده‌زانن كه‌ له‌داهاتودا هه‌ركارێكى تر به‌ گونجاوى بزانن ئه‌نجامى بده‌ن، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ییشیان تێدایه‌ كه‌ به‌شه‌وانیشدا ده‌رگاى دوكانه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

شیلان ئه‌حمه‌د، یه‌كێك له‌و ژنانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ له‌ قه‌یسه‌رى شنروێ به‌تەنیشت دوكانێكى به‌رگدرووى پیاوانه‌وه‌ دوكانێكى به‌رگدرووى ژنانى داناوه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: سه‌ره‌تاى كاركردنى من له‌ماڵه‌وه‌ بوو، به‌ڵام دواتر به‌ پاڵپشتى خێزانه‌كه‌م و هاوڕێكانم بڕیارمدا كه‌ شوێنى كاره‌كه‌م بگوازمه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى ماڵ و له‌ناو بازاڕدا و له‌ ته‌نیشت دوكانى به‌رگدرووى پیاوه‌كانه‌وه‌ منیش دوكانێكى به‌رگدرووى ژنان دابنێم، خۆشبه‌ختانه‌ توانیم له‌م بڕیاره‌مدا سه‌ركه‌وتوو بم و هاوشێوه‌ى پیاوه‌كان ده‌ستبه‌كار بكه‌م.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ خولیاى ئه‌وه‌م هه‌بوو كه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى فراوانتر په‌ره‌ به‌كاره‌كه‌م بده‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ى لێره‌ پێمده‌كرێت و بۆ كڕیاره‌كانمى ئه‌نجامده‌ده‌م، له‌ماڵه‌وه‌ نه‌مده‌توانى ئه‌نجامی بده‌م، بۆیه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌م سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ كارئاسانى بۆ خۆم كردوه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژنانى تریش چاو له‌من بكه‌ن ئه‌و نه‌ریته‌ بشكێنن كه‌ ده‌بێت ژن ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ كارى به‌رگدروو بكات.

ئه‌و ژنە به‌رگدرووه‌ى بازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى باسكرد: ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ ئه‌م دوكانه‌م داناوه‌ تائێستا جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆم به‌دینه‌كردووه‌ له‌نێوان خۆم و به‌رگدرووه‌ پیاوه‌كانى دراوسێم، چونكه‌ ئه‌وان كڕیارى خۆیانیان هه‌یه‌ و منیش به‌هه‌مان شێوه‌، بۆیه‌ داواكارم كه‌ ژنانیش بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ خاوه‌ن كار و سه‌رمایه‌ى خۆیان بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ست به‌كار بكه‌ن.

دڵنیا محه‌مه‌د، یه‌كێكه‌ له‌و كچانه‌ى كه‌ ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ له‌ بازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌ناو دوكانێكدا سه‌قاڵی فرۆشتنى جلوبه‌رگى ژنانه‌یه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ژنان و كچان و ده‌ستكردن به‌كاركردن زۆر گرنگ و پێویسته‌ چونكه‌ هه‌ندێك دوكان هه‌یه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ و ناكرێت پیاوێك یان كوڕێك له‌سه‌رى بێت به‌تایبه‌ت دوكانێكى وه‌ك ئه‌م دوكانه‌ى من كه‌ جلوبه‌رگى ژنان و كچانى تێدا ده‌فرۆشم، بۆیه‌ زۆربه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ دێنه‌لام بۆ كڕینى پێداویستییه‌كانیان ده‌ستخۆشیم لێده‌كه‌ن هانم ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌به‌رده‌وام بم.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "من له‌وه‌ دڵنیام كه‌ ژنى زۆر به‌توانا هه‌یه‌ بتوانێت بێته‌ ئه‌م بازاڕاوه‌ و ده‌ست به‌كاركردن بكات هاشێوه‌ى پیاوه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر داب و نه‌ریتى كۆمه‌ڵگە و ئاستى ڕۆشنبیرى ده‌وروبه‌ر و خێزانه‌كان هێشتا ئه‌و ده‌رفته‌ بۆ ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ڕه‌خساوه‌ كه‌ وه‌ك پێویست بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌راورد به‌ 10 ساڵى رابردوو زۆر باشه‌ و گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌".

ژنان له‌ كڕیارییه‌وه‌ بۆ فرۆشیارى
ئه‌و ژنه‌ دوكانداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "پێموایه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ ده‌بێت ته‌نیا پیاوان له‌بازاڕه‌كاندا خاوه‌ن دوكان بن و ژنانیش كڕیاربن، به‌ڵكو ده‌كرێت دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بێته‌وه‌ ژنانیش ببنه‌ خاوه‌ن دوكان و كارى خۆیان بکەن و پیاوانیش ببنه‌ كڕیار، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا من وه‌ك ژنێك ئاماده‌ییشم تێدایه‌ و زۆریش ئاساییه‌ به‌لامه‌وه‌ كه‌ له‌شه‌وانیشدا دوكان بكه‌مه‌وه‌ كارى ئاسایى خۆم درێژه‌ پێبده‌م و له‌داهاتوشدا هه‌ر پیشه‌یه‌كى تر به‌گونجاو بزانم بیكه‌م".

كچه‌ دوكاندارێكى دیكه‌ى ناو بازاڕى قه‌یسه‌رى شنروێ به‌ناوى سروه‌ وه‌هاب، ئه‌وه‌ى بۆ دواڕۆژ خسته‌ڕوو: به‌هۆى پێداویستى هه‌ندێك له‌ دوكانه‌كان و له‌سه‌ر داواى كڕیاره‌كان واباشتر و په‌سه‌ندتره‌ كه‌ ژنان سه‌رپه‌رشتى هه‌ندێك دوكان بكه‌ن و به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن بۆیه‌ ئێمه‌ چوار ژن و كچین كه‌ له‌م دوكانى پێداویستى جوانكارى ژانانه‌دا كارده‌كه‌ین، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ده‌ستخستنى داهات و سه‌ربه‌خۆبونى ئابورى خۆمان، له‌هه‌مان كاتیشدا ئاسانكارى زۆرمان كردووه‌ بۆ خودى ژنان كاتێك دێنه‌ لامان به‌ ئاره‌زووى خۆیان پرسیار ده‌كه‌ن و ئه‌و پێداویستییه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌یكڕن.

ئه‌وه‌شى وت: "كاركردنى ئێمه‌ وه‌ك ژنێك له‌م بازاڕه‌دا ئاسایى بوه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت بڕیارمانداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا له‌باربێت و پێویست بكات به‌شه‌ویش دوكان بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ئه‌و كچ و ژنانه‌ى كه‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌ كارێك بكه‌ن و داهاتێك بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن زۆر به‌ ئاسایى بزانن كه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ده‌ست به‌كارى خۆیان بكه‌ن".

ئه‌و كچه‌ دوكانداره‌ى ناوبازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ راشیگه‌یاند: وه‌ك كچێك شانازى به‌خۆمه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاتومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و شانبه‌شانى پیاوان ده‌ستم به‌كاركردن كردوه‌، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ى ده‌ستم به‌كاركردن كردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ستم به‌ جیاوزى نه‌كردووه‌ له‌ڕووى كاركردنى ئێمه‌ى ژنان و كچان له‌گه‌ڵ پیاواندا جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ به‌م كاره‌ى خۆمان زۆر ئاسوده‌ین هه‌وڵى جددیش ده‌ده‌ین بۆ به‌رده‌وامبونمان و هاوكاریكردنى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌ست به‌كاركردن بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure