له‌ سبه‌ینێوه‌ رێككارى داخستنى هه‌ندێك له‌ رادیۆ و كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌كان ده‌گیرێته‌به‌ر

هەواڵ / ئابوری :: 01/01/2019‌ :: 1028‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌وه‌ 2ى كانوونى دووه‌م رێككارى یاسایى بۆ داخستنى ئه‌و رادیۆ و كه‌ناڵه‌ لۆكاڵایانه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ قه‌رزى وه‌زاره‌تى رۆشنبیریان نه‌داته‌وه‌ و ده‌شڵێت: "ماوه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیان درێژناكرێته‌وه‌ و هه‌ر كه‌ناڵ و رادیۆیه‌ك قه‌رزه‌كه‌ى نه‌داته‌وه‌ داده‌خرێت".

محه‌مه‌د گه‌ردى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و له‌سه‌ر بڕیارى وه‌زیرى رۆشنبیرى پاره‌ى نوێنه‌كردنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى كاركردنیان بۆ كرایه‌ قیست و كه‌ناڵه‌كان ده‌یانتوانى به‌ چه‌ند قیستێك پاره‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى بگه‌ڕێننه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ تاوه‌كو 31ى كانوونى یه‌كه‌م مۆڵه‌تمان پێدابوون، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا چه‌ند كه‌ناڵێك كه‌ به‌ په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردرێن، پاره‌كه‌یان گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

وتیشى: "به‌هۆى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قیسته‌كه‌ چیتر مۆڵه‌ت به‌ رادیۆ و كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌كان ناده‌ین و له‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌وه‌، رێككاری یاسایى به‌رامبه‌ریان ده‌گرێته‌به‌ر و هه‌ر كه‌ناڵێك قه‌رزه‌كه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا داده‌خرێن تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ى قه‌رزه‌كه‌ى ده‌دات، چونكه‌ به‌شێكیان چه‌ند ساڵێكه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ى نوێنه‌كردۆته‌وه‌".

محه‌مه‌د گه‌ردى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: زۆربه‌ى كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان مۆڵه‌تى ساڵانه‌یان نوێكردۆته‌وه‌ و قه‌رزه‌كانیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌كان و رادیۆكان پابه‌ندى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى نه‌بوون.

له‌ هه‌رێمى كوردستان، 270 كه‌ناڵى راگه‌یاندنى بینراو و بیستراو هه‌ن كه‌ په‌خش ده‌كه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ 34 كه‌ناڵى ئاسمانى و 93 كه‌ناڵى لۆكاڵى و 143 رادیۆ_ن.

پ: س. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure