وه‌فدێكى تاڵیبان سه‌ردانى ئێرانى كردووه‌ و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 01/01/2019‌ :: 166‌ جار بینراوە
ئاڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: رۆژى شه‌ممه‌ 29ى كانونى یه‌كه‌م، وه‌فدێكى بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان سه‌ردانى ئێران-یان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت :"مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى ئاشتییه‌ بۆ كێشه‌كانى نێوان تاڵیبان و حكومه‌تى ئه‌فغانستان".

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 31ى كانونى یه‌كه‌م، به‌هرام قاسمى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند :"رۆژى شه‌ممه‌ وه‌فدێكى بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان سه‌ردانى شارى تاران-یان كردووه‌، له‌گه‌ڵ عه‌باس عێراقچی، یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆ كاروبارى سیاسى كۆبوونه‌ته‌وه‌".

وتیشى :"ئامانجى سه‌ره‌كى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر و ڕێگاچاره‌ى گونجاو كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت له‌ گفتوگۆكانى نێوان گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانى ئه‌فغانستان و حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ئاڕاسته‌ى به‌ره‌وپێشچونى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌و وڵاته‌". 

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌باره‌ى پێگه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ گفتوگۆكان ئه‌وه‌شى خسته‌ته‌ڕوو :"ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆیانه‌ به‌ واتاى ئه‌وه‌ نایه‌ن كه‌ ئێران هاوهه‌ڵوێسته‌ له‌گه‌ڵ تاڵیبان و له‌ یه‌ك به‌ره‌دایه‌ له‌گه‌ڵى، به‌ڵكو ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبانیش پێگه‌ى تایبه‌تى خۆمان هه‌یه‌ و هه‌ڵوێستیشمان دیاره‌. ده‌ستكردن به‌م جۆره‌ گفتوگۆیانه‌ش له‌و دۆخه‌ ترسناكه‌ى كه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت گرنگ و پێویسته‌".

ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌ :"ئه‌م گفتوگۆیانه‌ له‌كۆتایدا ده‌چنه‌وه‌ خانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى ئه‌فغانستان و به‌ ئاسایش و ئاشتى بۆ ئه‌و وڵاته‌ كۆتاییان دێت".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكراشیكرد :"عێراقچی له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك یان دووهه‌فته‌ى داهاتودا سه‌ردانى ئه‌فغانستان ده‌كات، به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتنى گرنگ، كه‌ له‌نێویاندا هاریكارى ئابوری بوونى هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا".

كۆبوونه‌وه‌ى وه‌فدى بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌كاتێكدایه‌ له‌ كۆتاییه‌كانى مانگى كانونى یه‌كه‌م، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ستى به‌ زنجیره‌یه‌ك گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان، له‌باره‌ى داهاتووى هێزه‌ سه‌ربازییه‌ بیانییه‌كان له‌ ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ئاگربه‌ست بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ.

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure