هه‌ڵه‌بجه‌: نه‌مامگه‌یه‌كى حكومى ساڵانه‌ یه‌ك ملیۆن نه‌مام به‌رهه‌مده‌هێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 01/01/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
نه‌مامگه‌ى سیروان له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵانه‌ زیاد له‌ یه‌ك ملیۆن نه‌مام به‌رهه‌مده‌هێنێت،  به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى نه‌مامگه‌كه‌ش ده‌ڵێت :"به‌ده‌ست نه‌بوونى كارمه‌ندى پێویست و بودجه‌وه‌ ده‌ناڵێنین".


جه‌لال جه‌میل، به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى نه‌مامگه‌ى سیروان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"نه‌مامگه‌ى سیروان تاكه‌ نه‌مامگه‌ى حكومییه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا كه‌ توانیوییه‌تى رۆڵێكى باش ببینێت له‌ سه‌وزكردنى شاروشارۆچكه‌كانى هه‌رێم، چونكه‌ له‌ رووبه‌رى 122 دۆنم زه‌ویدا ساڵانه‌ زیاد له‌ یه‌ك ملیۆن نه‌مامى به‌ردار و بێبه‌ر به‌رهه‌مده‌هێنین، هه‌ربه‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ شاروشارۆچكه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ خه‌ڵكى دێن لێره‌وه‌ نه‌مام ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ سه‌وزكردنى شاره‌كانیان".

وتیشى :"له‌ ئێستادا كه‌ وه‌رزى دابه‌شكردنى نه‌مامه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ پێدانى نه‌مامى باخدارى بۆ جوتیاران و نه‌مامى بێبه‌ر بۆ ناوچه‌ دوره‌ده‌سته‌كان. هاوكات نرخى هه‌ر نه‌مامێكیش به‌ بڕى هه‌زار دینار ده‌درێته‌ هاوڵاتیان و ڕێكخراو و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، ئه‌وه‌ش نرخێكى زۆر كه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ تێچووى ئه‌و نه‌مامانه‌ى كه‌ له‌م نه‌مامگه‌یه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێن، به‌ڵام مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆى خۆمان كه‌ شاروشارۆچكه‌كان به‌ سه‌وزى بمێننه‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى نه‌مامگه‌ى سیروان له‌باره‌ى كێشه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"له‌ئێستادا به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ گیرۆده‌بووین به‌ تایبه‌ت، نه‌بوونى كارمه‌ند و كه‌سى پسپۆڕ له‌ بوارى نه‌مامگه‌دا. هاوكات، دابیننه‌كردنى بودجه‌ بۆ پرۆژه‌كانمان گرفتێكى دیكه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا تا راده‌یه‌كى زۆر ئه‌و گرفتانه‌مان كه‌م بوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت ئه‌و گرفتانه‌مان چاره‌سه‌ر بكرێن له‌ ساڵانى داهاتوودا ناتوانین وه‌ك پێویست به‌رهه‌ممان هه‌بێت".

ُپێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure