"سلێمانی و هه‌ولێر سه‌رى ساڵێكى ئارامیان به‌ڕێكرد"

هەواڵ / کوردستان :: 01/01/2019‌ :: 485‌ جار بینراوە
ئاهه‌نگى شه‌وى سه‌رى ساڵ له‌ سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال و  كۆچه‌ر عه‌لی 
شه‌وى رابردوو 31ى كانونى یه‌كه‌م، به‌بۆنه‌ى هاتنى ساڵى نوێى 2019 هاوشێوه‌ى شاره‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان له‌ سلێمانى و هه‌ولێر ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵى نوێ به‌ڕێوه‌چوون، و بە وتەی پۆلیسى ئه‌و دوو شاره‌ش شه‌وێکی ئارام و بێ روداو بەرێکراوە.


نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند :"لە مەراسیمی ئاهەنگەکانی شەوی رابردووی سلێمانی بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ رووداوی کوشتن و شەڕی گەورە و شەڕە چەقۆ رووینەداوە، بەڵام بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر پردی دەباشان شەڕێک روویداوە، ئه‌ویش کوژراو و برینداری لێنەکەوتۆتەوە".

وتیشى :"شەوی رابردوو سلێمانى سه‌رى ساڵێكى ئارامى به‌ڕێكرد".

هاوكات عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"به‌بۆنه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ له‌ 80 هۆتێل و شوێنی تایبه‌ت ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ رووداوێكی كوشتن رووینه‌داوه‌، ته‌نها له‌ فامیلی مۆڵ چه‌ند گه‌نجێك به‌شه‌ڕ هاتوون، هه‌ر ئه‌وكات دوو كه‌س له‌وانه‌ی شه‌ڕیان كردووه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراون". 

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"له‌ سێ رۆژی رابردوودا زیاتر له‌ 70 هه‌زار گه‌شتیاری عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵ". 

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن


  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure