حیزبى شیوعى چه‌ند داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 31/12/2018‌ :: 185‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: پێكنه‌هێنانى كانبینه‌ى نوێى حكومه‌تی هه‌رێم زیانى زۆر به‌ خه‌ڵك و هه‌رێمى كوردستان گه‌یاندووه‌و داوا له‌ لایه‌نه‌كانى هه‌رێم ده‌كات كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كه‌ركوك و باشبوونى بارودۆخى هه‌رێم بكه‌ن.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ى كانوونى یه‌كه‌م، مه‌كته‌بى سیاسى حیزبى شیوعى كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌ "لە پاش سێ مانگ لە هەڵبژاردن و کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم و نەخستنەڕووی بەرنامەی ئەو حکومەتە لە ئاکامی ناکۆکی بەژەوەندییە سیاسییەکانی حزبەکانی کوردستان، نەک هەر لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو زیانیش بە ئایندەی سیاسی و ماف و ئامانجە رەواکانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت".

حزبى شیوعى راشیگه‌یاندووه‌: لەکاتێکدا بەهۆی شکستی سیاسەتی ئابوری و سیاسەتی بەشبەشێنەی حیزبی، خەڵکی کوردستان چەندین ساڵە دووچاری دۆخێکی نالەباری ژیان بووه‌تەوەو تاوه‌کو ئێستا نەتوانراوە هەنگاوی گونجاو بۆ چاککردنی ژیانی خەڵک ئەنجامبدرێت و هێشتا پاشەکەوتی مووچە بەردەوامەو رۆژ بەرۆژ پلەبەندی چینایەتی زیاترو زۆرتر دەردەکەوێت کە بەم ئاراستە سیاسی و ئابورییە ئاسۆی خۆشگوزەرانی خەڵک ناڕوونەو زۆرتر لە خزمەت کەمینەیەکی دەسەڵاتداری سیاسی و بورژوایەکی مشەخۆردا ئاراستە دەبێت، بۆیه‌ پێویسته‌ بارودخه‌كه‌ چاك بكرێت.

له‌باره‌ى دۆخى كه‌ركوك، حزبى شیوعى ده‌ڵێت: "دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەریم لە ئاکامی ناتەبایی و ململانێی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و سیاسەتی شۆڤینیانە و عەقڵیەتی نەتەوەی سەردەست لە بەغدا و هەڵسوکەوت و بریارە شۆڤێنی و نادروستەکانی پارێزگاری بە وەکالەت و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە کەرکوک، وایکردوە دۆخی ئەو شارە ناجێگیربێت و نە توانراوە کەرکوک بگەرێنرێتەوەو سەر هەرێمی کوردستان و نە توانراویشە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەو ناوچانە مسۆگەر بکرێت و لە ئاکامدا خەڵکی کەرکوک و ئەو ناوچانە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەرن، رۆژبەرۆژ مەترسی لەسەر ئەو شارە زیاد دەکات و ده‌بێت هه‌موو لایه‌كان كار بۆ باشبوونى بارودۆخى كه‌ركوك بكه‌ن". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure