هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 31/12/2018‌ :: 1226‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستپێدەكەنەوەو رەنگە سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیش بكەن.


نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان دەستپێدەكەنەوەو رەنگە سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیش بكەن.

سەبارەت بەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ؟، ناوبراو وتی: "پارتی لەگەڵ هەردووكیان نزیكبووه‌تەوە".

لە بەرامبەردا بیلال سڵێمان، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا ئاگادار نین پارتی سەردانیان دەكات یان نا، بەڵام نەك پارتی، هەر كەس و لایەنێكی دیكەش سەردانیان بكات، پێشوازی لێدەكەن.

سەبارەت بەوەی پێیانباشە بەشداری كابینەی نوێ بكەن یان دەبنە ئۆپۆزسیۆن؟، ناوبراو وتی: "دوای ئەوەی لایەنی براوە كە پارتییە پێشنیار بۆ ئێمە دەكات بەشداری حكومەت بكەین، گفتوگۆی خۆمان دەكەین، ئنجا بڕیار دەدەین".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure