داهاتی 2018ی شاره‌وانی سلێمانی 12 ملیار دیناره‌

هەواڵ / ئابوری :: 31/12/2018‌ :: 306‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2018دا 12 ملیار دینار داهات و خەرجیشیان زیاتر لە 44 ملیار دینار بووە، ئاشكرایكرد ئەمساڵ گۆڕستانە نوێیەكەی شاری سلێمانیش دەكرێتەوە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەبوبەكر تەیب، بەرپرسی بەشی پڕۆژەكان لە شارەوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمساڵ لەسەر بودجەی خۆیان 33 پڕۆژەیان بە بڕی حه‌وت ملیار دینار و لەسەر بودجەی پارێزگاش چوار پڕۆژەیان بە بڕی 460 ملیۆن دینار جێبەجێكردووە، لەو پڕۆژانەی ساڵانی رابردووش كە مابوونەوە، لەساڵی 2017دا  حه‌وت پڕۆژە بە بڕی 21 ملیار دینار دەستبەكاربوونەوە، ئەمساڵیش لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەت رەزامەندی درا بەدەستبەكاربوونی پێنج پڕۆژە بە بڕی 20 ملیار دینار.
 
ناوبراو روونیكردەوە: لەلایەن تیمەكانی خزمەتگوزارییەوە 325 هەزار تەن خۆڵ و خاشاك گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ و لەناوبراون، زیاتر لە 30 هەڵمەتی لابردنی زیادەڕەوییش ئەنجامدراون، سەبارەت بە داهات و خەرجییان، ئەبوبەكر تەیب ئاشكرایكرد، داهاتیان زیاتر لە 12 ملیارە و خەرجییەكانیشیان زیاتر لە 44 ملیار دینارە.

لەوەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بە كردنەوەی گۆڕستانە نوێیەكەی شاری سلێمانی لە بەشی رۆژهەڵات، ناوبراو وتی: "گۆڕستانە نوێیەكە سەرقاڵی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و كارە یاساییەكانن و ئەمساڵ دەكرێتەوە، بەڵام ناتوانن هەموو گۆڕ هەڵكەنەكان بگوازنەوە ئەوێ، بەڵكو ئەو گۆڕستانانەی ناتوانرێت مردووی تێدا بنێژرێت، گۆڕهەڵكەنەكانیان دەگوازرێنەوە، بەنیازن لەبەشی رۆژئاواش گۆڕستانێكی دیكە بكەنەوە".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure