گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر: روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ ده‌دات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 31/12/2018‌ :: 236‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسێكی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ زۆربه‌ی هۆتێله‌ چوار ئه‌ستێره‌ و پێنج ئه‌ستێره‌كان ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌شڵێت: "له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا گه‌شتیارێكی زۆر روویان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌". 


نه‌ریمان فازڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی هێنانی گروپى گه‌شتیار بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی عێراق ئه‌نجامدراوه‌. 

راشیگه‌یاند: بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە 80 كۆمپانیای عێراقی گروپى گەشتیارى بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن، تا ئێستا 50 هەزاران گەشتیار هاتوونەتە هەولێری پایتەخت و لە شەوی سەری ساڵیشدا لە 81 شوێنی هەولێر ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر وتیشی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ گه‌شتیار دێن بۆیه‌ ئامارێكی دروست له‌به‌ر ده‌ست نییه‌، كه‌ بزانرێت له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو چه‌ند گه‌شتیار هاتۆته‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌ڵام هاتنی گه‌شتیاران رێژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ره‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له زۆربه‌ی ئه‌و هوتێلانه‌ی كه‌ چوار ئه‌ستێره‌ و پێنج ئه‌ستیره‌ن ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ ئه‌نجام ده‌درێت و بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌.  

لای خۆشییه‌وه‌ عەبدولخالق تەڵعەت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر بۆ دواڕۆژ وتی: "له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ تیمه‌كانی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ شه‌وانی سه‌ری ساڵ له‌ ئه‌ركێكی تایبه‌ت داده‌بن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان و له‌ ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی ئاهه‌نگ ئه‌نجامده‌درێت پۆلیسی جێگیر ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ رووداوێكی نه‌خوازراو روونه‌دات. 

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر روونیشیكرده‌وه‌: به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی بۆ ئه‌وان هاتووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵ ئه‌ركی پاراستنی زیاتر له‌ 80 شوێنی ئاهه‌نگ گێڕانیان له‌ ئه‌ستۆداده‌بێت و له‌ ته‌واوی شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كانیش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان جێگیر ده‌كرێن. 

عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، ئاشكراشیكرد: له‌ ته‌واوی ئه‌و بازگانه‌ی دێنه‌ ناو هه‌ولێر رێز له‌ گه‌شتیاران ده‌گیرێت و به‌پێی رێككاری ئه‌منی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتیاران ده‌كرێت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌ به‌كه‌س ناده‌ن به‌بێ پشكنین بێته‌ ناو سه‌نته‌ری شاره‌كان، چونكه‌ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان گرنگتره‌ له‌ هه‌موو شتێك. 

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە