راوێژكارێكی یاسایی: نایاساییه‌ په‌رله‌مانتارێك دووجار پاداشتى 49 ملیۆن دیناری وه‌ربگرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 31/12/2018‌ :: 264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانەی هەرێمی كوردستان كە دووبارە بوونەتەوە بە پەرلەمانتاری خولی نوێ، 49 ملیۆن دیناری خانەنشینییەكەیان وەردەگرن، راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت: "بەپێی یاسا ئەو پەرلەمانتارانە ئێستا دەتوانن وەریبگرن، بەڵام بەداخەوە لە خولەكانی پێشتر پەرلەمانتار هەبووە دووجار وەریگرتووە".


پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: 49 ملیۆن دیناری خانەنشینی هەندێك لە پەرلەمانتارانی دووبارەى پەرلەمان، بەپێی یاسا دەتوانن وەریبگرن و هەندێكیشیان وەریانگرتووە.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: "هەرچەندە ئەم پەرلەمانتارە دووبارانه‌، تازە دەستیان بەكاری پەرلەمانتاری كردوه‌تەوە، بەڵام هەندێكیان 49 ملیۆنەكەیان وەرگرتووە، چونكە لەوە دەترسن دوای چوار ساڵی دیكە دۆخی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ئەو كاتە نەتوانن وەریبگرن".

پەرلەمانتارێكی دیكەی دووبارەى ئەم خولە لەبەرئەوەی بابەتەكە پەیوەستە بە بواری داراییەوە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: تائێستا خۆی وەرینەگرتووە و پەرلەمانتارانی دووبارەش دەتوانن وەریبگرن و مانگانە بە قیست پێیان دەدرێت.

سەبارەت بەوەی چۆن دەبێت پەرلەمانتاری دووبارەى ئەم خولە ئەو خانەنشینییە وەربگرن لە كاتێكدا هێشتا ئەم خولەی پێنجەم تەواو نەبووە، پەرلەمانتارەكە وتی "ئەو خانەنشینییە لەدوای تەواوبوونی ماوەی كاركردن وەردەگیرێت، ئیدی ئێستا دەیانەوێت وەریبگرن، یان لە كۆتایی خولی پێنجەم ئەوە بەویستی خۆیان، چونكە پارەكە دەچێتە سەر حسابیان".

ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی یاسا پەرلەمانتاری دووبارە دەتوانن ئێستا ئەو خانەنشینییە وەربگرن یان هەڵی بگرن بۆ دوای ئەم خولە، بەڵام ئەو خانەنشینییە بۆ یەك جارە، واتە ئەگەر لە كوردستان پەرلەمانتارێك ئەو پارەیە وەربگرێت، لە پەرلەمانی عێراق ناتوانێت وەریبگرێت.

دواڕۆژ بۆ هەمان مەبەست، پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكانی دیكەشەوە كرد، بەڵام هەندێكیان بەردەست نەبوون و هەندێكیشیان بەبیانووی نەبوونی "كات"ەوە ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

هەرچەندە بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی خولی چوارەم ئەو 49 ملیۆن دینارەیان وەرگرتووە، بەڵام لە هەفتەی رابردوودا ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و 49 ملیۆن دینارەكەی بەخشییە ئەو پارێزگایە.

پێشتریش ئەبو كاروان، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی ئازادی (شیوعی) لە پەرلەمانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، بڕیاڕیداوە ئەو بڕە پارەیە كە  49 ملیون دینارە و بەپێی یاسا بەهەموو پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەدرێت و پێشترێش بەئەندامانی خولەكانی دیكە وەزیر و پلە باڵاكان دراوە، وەرینەگرتووە و وەریناگرێت، ئەوەش لەڕوانگەی هەستكردنە بە خراپی دۆخی ئابوری بەشێكی زۆری هاوڵاتیان و ناهەمواری ژیانیان كە ئەو، لە ماوەی رابردوودا نوێنەرایەتی كردوون.

لاوەند جەلال، راوێژكاری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی یاسای خانەنشینی و یاسای خزمەتی مەدەنی لە عێراق و رێنمایی خانەنشینی لە عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی رێگە بەوە نادات ئەو پاداشتە دووجار وەربگیرێت، بەڵكو یەكجار وەردەگیرێت، بۆیە ئاساییە ئەو پەرلەمانتارانە ئێستا وەریبگرن، بەڵام بەداخەوە لە خولەكانی پێشتر پەرلەمانتار هەبووە دووجار وەریگرتووە.

لەم خولەی پەرلەماندا 14 پەرلەمانتاری خولی پێشوو دووبارە وەكو پەرلەمانتار دەرچوونەتەوە.

پ: س . م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure