هه‌شت لایه‌نى كه‌ركوك: ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ دۆخى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكه‌ین

هەواڵ / کوردستان :: 30/12/2018‌ :: 486‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى كانونى یه‌كه‌م  نوێنه‌رانى هه‌شت لایه‌نى سیاسى كه‌ركوك له‌باره‌ى پرسى كێشه‌كانى شاره‌كه‌ له‌ مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ و به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و حزبانه‌ كه‌ كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا خوێندیه‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ر پێنج فرقه‌ى سه‌ربازى حكومه‌تى عێراقى كه‌ هێندراونه‌ته‌ شاره‌كه‌ لا بدرێن و ئیداره‌ى شاره‌كه‌ و مه‌له‌فى ئه‌منى بدرێته‌ ده‌ستى خه‌ڵكى شاره‌كه‌.

وتیشى: "له‌ ئاینده‌دا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌وه‌كانه‌وه‌ و ده‌بێت داهاتى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ كه‌ركوكییه‌كان بێت".

 كه‌مال كه‌ركوكى رایگه‌یاند: راى پارتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخى ئه‌منى كه‌ركوك ئاسایى بكرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى عێراقى له‌شاره‌كه‌ لابدرێت و ئاڵاى كوردستانیش له‌سه‌ر بیناو باره‌گاكان به‌رز بكرێته‌وه‌".

ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ به‌شدار بوون بریتیبوون له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان, یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان, بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان, حزبى شیوعى كوردستان, حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان, بزوتنه‌وه‌ى دیموكراتى گه‌لى كوردستان, هاوپه‌یمانى نیشتمانى كوردستان, پارتى چاكسازى توركمان.

 

 پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure