ئه‌مساڵ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم چه‌ند باران باریوه‌؟

هەواڵ / کوردستان :: 30/12/2018‌ :: 1343‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كه‌شناسى و بومەله‌رزه‌زانى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: بارانبارینى ئه‌مساڵ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ تێكڕای بارانبارینى ساڵى رابردوو، ده‌ڵێت: "ئه‌مساڵ له‌ سلێمانى زۆترین باران باریوه‌". 


فازڵ ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كه‌شناسى و بومەله‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مساڵ به‌رارورد به‌ ساڵى رابردوو باران زۆرتر و زیاتر له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان باریوه‌ و نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌ تێكڕاى بارانبارینى ساڵى رابردوو.

وتیشى: "تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى كانوونى یه‌كه‌م له‌ هه‌ولێر، 354،5 ملم بارن باریوه‌، پارساڵ ته‌نیا 66 ملم باران باریبوو، هه‌روه‌ها له‌ سلێمانى 517 ملم باران باریوه‌، به‌ڵام پارساڵ تاوه‌كو ئه‌مكاته‌ ته‌نیا 118 ملم باران باریبوو، ئه‌مساڵ له‌ دهۆك 460 ملم باران باریوه‌و پارساڵ ته‌نیا 57 ملم بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ له‌ كه‌ركوك 243 ملم باران باریوه‌و ساڵى رابردوو 207 ملم، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش ئه‌مساڵ 442 ملم باران باریوه‌و ساڵى پار 81،4 ملم باران باریبوو".

فازڵ ئیبراهیم، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ جارێكى دیكه‌ شه‌پۆلێكى بارانبارین ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و له‌ئێستا بارانبارین له‌ پارێزگاى دهۆك ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌و ئه‌مشه‌و ده‌گاته‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و تاوه‌كو رۆژى سێشه‌ممه‌ 31ى كانوونى یه‌كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە