شاره‌وانی سلێمانی: 51 پڕۆژە لەکارکردن وەستاون

هەواڵ / کوردستان :: 30/12/2018‌ :: 242‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
شارەوانییەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٥١ پڕۆژە لە کارکردن وەستاون و ٢٥ پڕۆژەش کاریان تێداکراوە.

كەمال مستەفا بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنەمەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو پڕۆژانەی بەردوامن لەشاری سلێمانی ١٨ پڕۆژەن کە نۆ پڕۆژە لەسەر بودجەی گەشەپێدانە و حه‌وت پڕۆژەیان لەسەر بودجەی وەبەرھێنانە و دوو پڕۆژەیان لەسەر نەوت.

باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و پڕۆژانەی ڕاستەوخۆن و بەردەوامن ١٠ پڕۆژەیە، پڕۆژە وەستاوەکانیش ٢٥ پڕۆژەن کە ١٩ یان لەسەر گەشەپێدانە و شه‌ش پڕۆژەیان لەسەر وەبەرھێنانە و پڕۆژە ڕاستەوخۆکانیش کە لەشارەوانییەکانەوە دەدرێت و وەستاوە ٢٦ پڕۆژەیە و کۆی بڕی پارەی پڕۆژە وەستاوه‌كانیش ٦٠ ملیار و ٢٣٣ ملیۆن دینارە و بڕی پارەی پڕۆژە بەردەوامەکانیش ٥١ ملیار و ٧٣٨ ملیۆن دینارە.

ڕاشیگەیاند: داھاتی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چوار ملیار و ٦٦٩ ملیۆن دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشدا شارەوانییەکانی سلێمانی لە سێ زۆندا پڕۆژەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەئەستۆدەگرن، زۆنی شارەزوور كه‌ لەمساڵدا سێ ھەزار و ٣٦٠ ته‌ن خۆڵ و خاشاک کۆکراوەتەوەو خراوەتە ژێرخاکه‌وه‌، زۆنی دووەم چەمچەماڵ تیایدا دوو ھەزار و ٤١٢ ته‌ن خۆڵ و خاشاک کۆکراوەتەوەو خراوەتە ژێر خاکه‌وە، زۆنی سێھەم شارباژێڕ  کە دوو ھەزار و ١٢٤ ته‌ن خۆڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە کە ئەم کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاكە ٤٣٧ شۆفێر و ١٦٢٨ کرێکاری ژینگەپارێز کاری تێدا دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا پێدانی زەی بە چین و توێژەکان بەردەوامە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە بڕیاری ساڵی ٢٠٠٦یان ھەیە، ده‌ڵێت: "توانیومانە لەمساڵدا ١٧٤ زەوی بدەین بە پیشەوەران لە ئەڵایی و ١٠٧ پارچە زەویش بدرێت بە کەمئەندامان، هه‌رچه‌نده‌ لە ٢٠٠٦/٦/٨وە پێدانی زەوی ڕاگیراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure