بەغدا ئەژمارێکی تایبەت بۆ پارە لەهەرێم دەکاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 30/12/2018‌ :: 4051‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم داوای كردنەوەی ئەژمارێكی بانكی تایبەت بە گۆڕێنەوەی پارەی دڕاوی لە بانكی ناوەندی كردووە و بانكی ناوەندیش رەزامەندی داوە.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ كەوتووە، دوو هەفتە لەمەوبەر كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكانی حكومەتی هەرێم و بانكی ناوەندی عێراق ئەنجامدراوە بۆ میكانیزمی گۆڕینەوەی پارەی دڕاو لە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە بەشداری كۆبوونەوەکەی كردووە بەدواڕۆژی راگەیاند: لە كۆبونەوەكە وەزارەتی دارایی و ئابووری داوای كرد ئەژمارێكی بانكی لە هەولێر بكرێتەوە بۆ گۆڕینەوەی پارەی دڕاو.

لە كۆبوونەوەكە نوێنەری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەكردووە لە ئێستادا لەگەڵ بانكێكی ئەهلی لە گفتوگۆدان بۆ وەرگرتنەوەی پارەی دڕاو بەهۆی ئەوەی بانكی ناوەندی پارەكە راستەوخۆ لە هاووڵاتیان وەرناگرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "بانكە بازرگانییەكان لە كۆبوونەوەكە باسیان لەوەكردووە كە ئەوان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ بانكی ئەهلی بكەن، بۆیە باشتر وایە ئەژمارێكی بانكی حكومی بكرێتەوە و لە بەرامبەردا نوێنەری بانكی ناوەندی رازیبووە كە ئەو ئەژمارە بانكییە لە هەولێر بكرێتەوە".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure