له‌باره‌ى ڕاگرتنی كاركردنی 300 كارمەندی ته‌ندروستی رونكردنه‌وه‌ دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/12/2018‌ :: 394‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارمەندانی تاقیگەكانی ئێواران سلێمانی و دەڵێت: "بە سیستمێكی تازەی وەزارەت كە بەشێكە لە چاكسازی بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی حكومەتی هەرێم، نزیكەی 600 بۆ 700 هەزار دینار داهاتیان دەبێت".


د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: تەنیا كارمەندانی تاقیگە كاره‌كانیان راگیراوه‌، ئەوانیش بە گرێبەستن، ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەتی هەرێم پاڵپشتە داراییەكەی بڕیوە.

ناوبراو روونیكردەوە، پێشتر ئەو كارمەندانە نزیكەی 900 هەزار بۆ ملیۆنێك دینار داهاتیان بووە، بەڵام ئێستا بەسیستمێكی تازەی وەزارەت كە بەشێكە لە چاكسازی بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی حكومەتی هەرێم، نزیكەی 600 بۆ 700 هەزار دینار داهاتیان دەبێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەو كارمەندانە دەوام رابگرن، كێشە بۆ تەندروستی دروست نابێت؟، د.یاد وتی: "بێگومان كێشەمان بۆ دروست دەبێت، بەڵام لەسەر خەتین كێشەكە چارەسەر بكەین، ئەم سێ رۆژەش پشووی فەرمییە و بەدڵنیاییه‌وه‌ چارەسەر دەبێت".
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەكارمەندانی كلینكە راوێژكارییەكان لەبەردەم تاقیگەی بانكی خوێن لە سلێمانی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، گۆران فایەق، نوێنەری ئەو كارمەندانە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند: وەكو سەرجەم كارمەندانی نەخۆشخانە راوێژكارییەكانی شاری سلێمانی بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی كە لەلایەن تەندروستی سلێمانییەوە فەرمانی پێدەركراوە ناهەقی زۆر بەرامبەر قوتی كارمەندان كراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: بەپێی ئەو بڕیارە، مووچەی دیاریكراو رێژە و سەقفی مووچەی راوێژكارییەكان بڕدراوە كە مووچەی 300 كارمەند دەگرێتەوە، ئەم راوێژكارییانە ئەو نەخۆشخانە و تاقیگانەن كە ئێواران كار دەكەن بەنرخێكی زۆر رەمزی، ئەوانیش بڕیاریانداوە وەكو هەنگاوی یەكەم سێ رۆژ دەوام رابگرن و دواتریش هەنگاوی دیكە دەگرنەبەر.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure