سەركردایەتییەكی پارتی داوای ئیمزاكردنی میساقی شەرەف دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 29/12/2018‌ :: 346‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەركردایەتییەكی پارتی داوا لەو لایەنانە دەكات كە بەشداری حكومەتی نوێ‌ دەكەن، "میساقێكی شەرەف" واژۆ بكەن بۆئەوەی كێشەكانی كابینەی رابردوو دووبارە نەبێتەوە" دەشڵێت: "داواكارییەكانی یەكێتیمان قبوڵە، بەڵام دەبێ‌ بخرێتە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت".

لەگەڵ ئەوەی پارتی دووجار لەگەڵ یەكێتی و دووجاریش لەگەڵ گۆڕان كۆبۆتەوە، بەڵام بەهۆی داواكارییەكانی یەكێتی كە خۆی لە دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك و زیندوكردنەوەی ماددەی 140و كێشەكانی دیكەی كورد لە بەغدا دەبینێتەوە، پارتی لەگەڵی نەگەیشتۆتەوە رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

لەبارەی داواكارییەكانی یەكێتی، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: داواكارییەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك و كێشەكانی دیكەی عێراق، هیچ پەیوەندییان بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە نییە و وەك خۆی دەڵێت: "حەق نییە بەیەكەمەوە ببەسترێنەوە، چونكە خەڵك دەنگی بەوە داوە حكومەتێكی خزمەتگوزار پێكبهێندرێت".

 وتیشی: "وەكو پارتی لەگەڵ ئەوەین كێشەی ماددەی 140 و كەركوك و كێشەكانی هەرێم لە بەغدا، بەیەكەوە چارەسەر بكرێن و داكۆكی لەسەر دەكەین، بەڵام پێویستە سەرەتا حكومەت پێكبهێندرێت دواتر كێشەكان لە بەغدا و كەركوك چارەسەربكرێن".

لەبارەی داواكاری پارتی بۆ واژۆكردنی میساقێك لەنێوان لایەنەكان، عەلی عەونی وتی: "پارتی داوای میساقێكی شەرەف دەكات لە لایەنەكانی بەشداربووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بۆئەوەی ئەو كێشانەی لەماوەی چوارساڵی رابردوو هەبوون دووبارە نەبنەوە، لەو بڕوایەشداین كە هێزە رەسەنەكانی هەرێم رازی دەبن بەو داوایەی پارتی".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure