به‌هۆى لافاوه‌وه‌ هۆشدارى روخاندنى پردێكى سه‌ره‌كى ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/12/2018‌ :: 2027‌ جار بینراوە
پردى قه‌ڵا تۆپزانه‌

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
هاتووچۆى گه‌رمیان هۆشدارى ده‌داته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هاووڵاتیان كه‌ پردى قه‌ڵا تۆپزانه‌ى نێوان رێگاى سه‌ره‌كى گه‌رمیان-سلێمانى مه‌ترسى روخانى هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. 


نه‌قیب كارزان مه‌جید، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى هاتووچۆى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"دواى به‌دواداچوونكردن، بۆمانده‌ركه‌وت پردى قه‌ڵا تۆپزانه‌ كه‌ پردێكى گرنگى رێگاى سه‌ره‌كى گه‌رمیان - سلێمانییه‌ له‌ مه‌ترسى داڕوخاندایه‌ به‌ تایبه‌تى به‌شێك له‌ ده‌وروبه‌رى پایه‌كانى لافاو بردویه‌تى".

وتیشى :"پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چاره‌سه‌رى ئه‌و پرده‌ بكه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ به‌هۆى لافا و باران بارینى زۆره‌وه‌ دابڕوخێت و رێگاكه‌ دابخرێت یان كاره‌ساتى دڵته‌زێنى لێبكه‌وێته‌وه‌". 

زۆربه‌ى پرده‌كانى رێگاى كه‌لار - سلێمانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌مى ساڵانى هه‌شتا و پێشووترى سه‌ده‌ى رابردوو. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆى لافاوه‌وه‌ پردى ده‌ره‌دۆین له‌ سه‌ر هه‌مان رێگا داڕوخا و بووه‌ هۆى داخستنى رێگاكه‌. 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure