وێنه‌: چیرۆكى ژنه‌ قه‌ناسێك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/12/2018‌ :: 2024‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ گه‌شه‌كانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌یان ساڵ پێش وڵاتانى خۆرئاوا رێگه‌ى به‌ ژنان دا و بوارى بۆ ره‌خساندن كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى بگرنه‌ده‌ست و له‌م رووه‌وه‌ چه‌ندین پزیشك و ئه‌ندازیار و زانا و كرێكارى داهێنه‌ریان تێدا هه‌ڵكه‌وت.


ژنان رێگه‌یشیان پێدرا له‌ به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگدا به‌شداریى بكه‌ن. یه‌كێك له‌و ژنانه‌ كه‌ به‌ لێهاتوویى خۆى ناسناوى سه‌ركه‌وتووترین ژنه‌قه‌ناسى له‌ مێژوودا پێبڕا (لیۆدمیلا باڤڵیچینكۆ) بوو.

به‌ره‌ى خۆرهه‌ڵاتى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى زۆر جیاواز بوو له‌ به‌ره‌ى خۆرئاوا و هیتله‌ر سووربوو له‌سه‌ر كوشتن و زه‌لیلكردنى گه‌لانى ئه‌وروپا و یه‌كێتى سۆڤیه‌ت. له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌دا نزیكه‌ى 20 ملیۆن كه‌س له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت كوژران، بۆیه‌ شتێكى نائاسایى نه‌بوو له‌ بارودۆخى وادا ئافره‌تانیش به‌شداریى شه‌ڕ بكه‌ن كه‌ نزیكه‌ى 400 هه‌زار ئافره‌ت به‌شدارییان له‌ به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگدا كرد. 

یه‌كێك له‌و ژنانه‌ (لیۆدمیلا)یه‌ كه‌ ناسناوى پاڵه‌وانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و مه‌دالیاى ئه‌ستێره‌ى زێڕینى پێبه‌خشرا. ئه‌و له‌ ته‌مه‌نى 24 ساڵیدا بوو كه‌ بڕیارى دا په‌یوه‌ندیى بكات به‌ ریزه‌كانى سوپاى سوور-ه‌وه‌ و 309 سه‌ربازى دوژمنى كوشت.

لیۆد میلا له‌ به‌شى خواره‌وه‌ى به‌ره‌ى خۆرهه‌ڵاتدا به‌شداریى جه‌نگه‌كه‌ى كرد و له‌ ئابڵوقه‌ ترسناكه‌كه‌ى ساڵانى 1941 و 1942دا به‌شێوه‌یه‌كى موعجیزه‌ئاسا خۆى راگرت.

ئه‌م خاتوونه‌ پاش شه‌ڕێكى قورس، به‌ دیلى كه‌وته‌ ده‌ست ئه‌ڵمانه‌كان به‌ڵام توانى خۆى ئازاد بكات و 200 كه‌س له‌ دوژمن بكوژێت و سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵوێسته‌ى پله‌كه‌ى به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئه‌فسه‌ر.

ئه‌م خاتوونه‌ هێنده‌ ناوبانگى په‌یداكرد كه‌ (فراكلین رۆزفلت)ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا پێشوازیى لێ كرد و پاشان له‌ ساڵه‌كانى كۆتایى جه‌نگدا، بوو به‌ راهێنه‌رى قه‌ناسه‌كان و كاتێكیش جه‌نگ كۆتایى هات، بوو به‌ جێگرى فه‌رمانده‌ى ده‌ریایى روسیا و له‌ ساڵى 1974دا كۆچى دوایى كرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure